كۆمپانیایەكی چینی: بە 10 خولەك 250 هەزار مۆبایل دەفرۆشێت


كۆمپانیایەكی چینی بۆ دروستكردنی مۆبایل توانیویەتی لەماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر ئامێرەكانی مۆبایل بفرۆشێت.

ئاژانسی شینخوای چینی بڵاویكردۆتەوە، كۆمپانیای (شاومی) بۆ دروستكردنی مۆبایل توانیویەتی لەماوەی (10) خولەكدا زیاتر لە (250) هەزار دانە مۆبایل بفرۆشێت، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەییە.

ئەو ئامێرەی مۆبایلی شاومی ناوی (رێدمی 4) ەو لە ووڵاتی هیندستان نمایش كراوە، لەماوەی هەفتەكانی رابردووشدا جۆرەكانی (رێدمی note 4) و (رێدمی 3) ش نمایش كرابوون، بەڵام هیچ یەكێكیان وەك ئەم جۆرەیان مۆبایلەكانی نەفرۆشرابوون.

(هۆگۆ بارا) بەرپرسی فرۆشتنی مۆبایلی شاومی چینی لەشاری نیودەلهی رایگەیاندووە، لەماوەی ساڵی رابردوودا تەنها لە هیندستان كۆمپانیای شاومی توانیویەتی (3.6) ملیۆن مۆبایلی (رێدمی note 3) بفرۆشێت.

ناوبراو باسیشی لەوەكردووە، دوای ئەو سەركەوتنە شاومی تەكنیكی زیاتری لە مۆبایلی (رێدمی note 4) بەكارهێناو نرخەكەشی كردۆتە ركابەری كە تەنها بە (190) دۆلارە.