بۆ یەکەمجار کارگەیەکى بەرهەمهێنانی زەیتى زەیتون لە هەولێر کرایەوە

بۆ یەکەمجار لە هەولێر کارگەیەکى بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون کرایەوە، کە لە توانایدایە لە کاتژمێرێکدا تەنێک تا تەن و نیوێک بەرهەم بهێێنێت.



کارگەکە لەلایەن عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵی هەرێمەوە کرایەوە، لە وتەیەکیشدا ڕایگەیاند، جگە لە بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتون پاشماوەکەشى بۆ دروستکردنى سابون بەکاردەهێنن.



لە بودجەى وەزارەتى کشتوکاڵ  ٩٩ ملیون دینارى بۆ تەرخانکراوە.  دروستکردنى کارگەکە بەپێی ڕێکەوتنی نێوان هەرێمی و ئیتالیا  بۆ پەرەپێدان و  گەشەپێدانی  بەرهەمی زەیتون لە هەرێم دروستکراوە.



هاوکات ٢٠ ئامێری تر بۆ جوتیاران دابینکراوە تا لە ڕنینەوەى بەرهەمەکەیان و چاککردنى دارەکان سوودى لێ ببینن.



کارگەکە ساڵانە بۆ ماوەی دوو مانگ کاردەکات، کە دەکەوێتە وەرزى پێگەیشتنى زەیتونەوە، بۆ گوشینى هەر تەنێک زەیتونیش بڕى ٧٥ هەزار دینار لە جوتیاران وەر دەگیرێت.



بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکال دەڵێن پرۆژەی تریان داوەتە وڵاتی ئیتاڵیا  و لە هەوڵدان لە شارەکانی تر کارگەی لەم شێوە  بکەنەوە.



لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ وە کارگەی بەرهەمهێنان زەیتی زەیتون لە هەولێر دەستی بەکار کردووە، لەو ماوەیەدا ١١٥ تەن زەیتوون لە ناوچە جیاوازەکانەوە براوەتە کارگەکە و زەیتى لێ بەرهەمهێنراوە.