رۆژانە سەدان ملیۆن دینار لە موسڵەوە دێتە هەرێمی کوردستان

لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لای چەپی موسڵ و دەرکردنی داعش لەو بەشە گرنگەی شارەکە، بازاڕەکانی موسڵ لە بەری چەپی شارەکە جمەیان دێت، زیاتر لە 90%ـی بەرهەمەکانی ئەو بازاڕەش، لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.  بەرهەمە کشتووکاڵییەکان زۆرترین رەواجیان لە بازاڕە تازەکەی لای چەپی موسڵ هەیە.
عەلا فەیسەڵ، بازرگانی سەوزە و میوە کە بەرهەمی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی موسڵ دەگوازێتەوە، رایگەیاند، ئێستا هەموو بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی بازاڕەکانی لای چەپی موسڵ لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن. بەپێی زانیارییەکان 80%ـی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی نێو بازاڕەکانی موسڵ، لە هەولێرەوە هاوردە دەکرێن، 20%ـەکەی دیکەش لە دهۆك و سلێمانییەوە. 

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، ئێستا رۆژانە 500 تۆن بەرهەمی کشتووکاڵی لە موسڵ ساخدەکرێتەوە. نرخی مامناوەندی هەر کیلیۆیەك لەو بەرهەمانەیش 400 دینارە، بەمەش رۆژانە نزیکەی 250 ملیۆن دینار ئاڵوگۆری بازرگانی کشتووکاڵی لە نێوان موسڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت. زۆربەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە ناوچەی گۆگجەلیل لە سەرەتای موسڵەوە دادەنرێن، لەوێشەوە بە ئامرازە سەرەتاییەکانی گواستنەوە، بۆ ناوچەکانی دیکە دەگوازرێنەوە.  سەبارەت بە خۆراکی وشك و گۆشت، ئێستا بازاڕەکانی لای چەپی موسڵ، رۆژانە زیاتر لە 350 تۆن لەو بەرهەمە خۆراکیانە بەکاردێنن، نزیکەی 95%ـی ئەو بەرهەمانەش، بە هەمان شێوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
 
گرنگترین ئەو بەرهەمانەی ئێستا خواستی زۆریان لەسەرە لەلایەن بازاڕەکانی موسڵەوە، بریتین لە: برنج، ساوار، فاسۆلیا، شەکر، چا، ئارد، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، گۆشتی سوور و گۆشتی مریشك.  
بەپێی داتاکان، رۆژانە 5 تۆن مریشکی سەربڕاو لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بەری چەپی موسڵ دەکرێت. تێکڕای بەهای مامناوەندی ئەو خۆراکانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی موسڵ دەکرێن، نزیکەی 140 ملیۆن دینارە.  بەهۆی تەقاندنەوەی زۆربەی بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ گەڕەکەکانی موسڵ، قەیرانێکی گەورەی بێ ئاوی لە موسڵ دروستبووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی دەوروبەری سەنتەری موسڵ، بۆ ئەو مەبەستەش خەڵکی موسڵ رۆژانە نزیکەی 100 تانکەر ئاو دەکڕن کە نرخی هەر تانکەرێک 50 هەزارە، واتا رۆژانە 5 ملیۆن دینار بۆ کڕینی ئاو خەرج دەکرێت. 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
سەرچاوە : ڕووداو