کارەبای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکى لەسەر پرۆژەی 20 ئەمپێری بڵاوکردەوە

 
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا سودەکانی پڕۆژەی ٢٠ ئەمێری بۆ دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦، کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە ناونیشانی “بۆچی بەکارهێنانی کارەبای ماڵان دیاری بکرێت؟” ڕایگەیاند، دیاریکردنی ٢٠ ئەمپێر کارەبا بۆ هەر ماڵێک دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی ئۆڤەرلۆدی فیدەر و وێستگەکان و بارزۆری و سوتانی وێستگەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پڕۆژەکەوە کارەبای ماڵان زیاتر دەکات و دەتوانن باشتر کۆنترۆڵی سەرپێچی ماڵان بکەن.

ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی
بۆچی بەكارهێنانی كارەبای ماڵان دیاری بكرێت؟
ئەنجامدانی ئەم كارە لەڕێی دانانی جۆزەی (20) ئەمپێری بۆ هاوبەشێك واتە (ماڵێك)، كە بەپێی خشتەی خوارەوە بەشی پێداویستی ماڵێكی ئاسایی ئەكات و بەپێی نرخی كارەبا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو بڕە كارەبایە بۆ ماڵێك زۆر ئاساییە.
شێوازی دانانەكەی جۆزەیەك بێت لەماركەیەكی باوەڕپێكراو، لەناو بۆكسێكی ستاندارد كە توانای مۆركردنی هەبێت و رێگەنەدات بەدەستكاریكردنی، لەپێش پێوەری ماڵانەوە دابنرێت و كارەكە لەڕێی كۆمپانیای تایبەت بەكارەبا ئەنجام دەدرێت بە بوونی فۆرمێكی واژوو كراو لەنێوان خاوەن ماڵا و كۆمپانیاكە و گێڕانەوەی كۆپی ئەو فۆرمە بۆ لیژنەكانی سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، پاشان بەدواداچوونی ئەم كارە لەلایەن لیژنەكانی (سەرپێچی) و صیانەكانەوە.
لەئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم كارە ئەم سوودانە ئەگەیەنێت بەسیستمی كارەبای نیشتمانی:
1- چارەسەر كردنی كێشەی ئۆڤەرلۆدی فیدەر و وێستگەكان.
2- چارەسەركردنی بارزۆری و سووتانی محویلەكان.
3- نەمانی كێشەی UF.
4- كۆنترۆڵكردنی سەرپێچی (تلاعب) و Losses لەماڵان، بەدانانی ئەم جۆزەیە كارمەندی ئێمە ئەچێتە هەموو ماڵێك و بەدواداچوون بۆ ئەو كارانە ئەكات.
5- زیادبوونی كاژێرەكانی كارەبای نیشتمانی و بێ‌ باك بوونی هەموو ستافە جۆراوجۆرەكانی كۆنترۆڵا و صیانەكان و دابەش كردنەكان.
6- زیاتر هاوڵاتی ئاشنا ئەبێت بەڕێنمایی و هۆشیاركردنەوەكانی وەزارەتی كارەباو زانستیانە مامەڵە لەگەڵا ئەو بڕە كارەبایەدا ئەكات كەبۆی دانراوە.
7- هاوڵاتی ئێستا مانگانە تێچووی پارەی موەلیدەی زۆرەو كەمترینی (30,000) دینارە، كە لەئەنجامی ئەم پرۆژەیە ئەو تێچووەی زۆر كەم ئەبێتەوەو كاتەكانی پێدانی موەلیدە كەمتر ئەبێت و لەچەند وەرزێكدا هەرنامێنێت.
8- بەپێی ئەو داتایانەی لەخاڵەكانی دواییدان، كاتەكانی پێدانی كارەبا زۆر زیاد ئەكات و لەو زیاد بوونەدا ئامێرەكان باشتر بەكار ئەهێنرێن و بۆ گەرم كردنەوەش ماڵەكان زیاتر ئارام ئەبن و سووتەمەنی كەمتر بەكاردێت , ئەمەش هەر لەهەمان مانگدا هاوڵاتی بەرهەمی دانانی جۆزەكەی ئەبینێت.
9- لەگەڵ ئەوەی ئێستا لەشاری پێنجوێن بۆ هەر هاوبەشێك (16) ئەمپێر كارەبا هەیە و نزیكەی (12.000) هاوبەشی كارەبامان هەیە و وەك نمونە لەبەرواری 17 / 12 / 2016 بە تێكڕا (18-19) مێگاوات كارەبایان پێویست بووە، كە سەخترین ناوچەی زستانی پارێزگای سلێمانیە.
10- لەژێر رۆشنایی خاڵی پێشوو، ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی ( 530.000 ) هاوبەشی كارەبامان هەیە بەلێدەركردنی هاوبەشی میریەكان و پیشەسازیە گەورەكان، نزیكەی (460.000) هاوبەشمان ئەبێت بۆ ئەم كارە، بەپێی داتاكەی پێنجوێن و بۆ (20) ئەمپێر پێویستمان بەنزیكەی (850) مێگاوات كارەبا ئەبێت لەگەڵا (150) مێگاوات بۆ ئەو هاوبەشانەی تر، واتە سەرجەم (1000) مێگاوات كارەبامان ئەوێت .
11- بەپێ‌ی ئەو زانیاریانەی لەكۆنترۆڵا لامانە، پێویستی پارێزگای سلێمانی بەكارەبا (1800) مێگاوات بووە كە ئێمە بەپێی ئەو پشكەی پێمان ئەدرێت (600-650) مێگاوات كارەبایە.
12- بە بەراوردی ئەو داتایانە و بەپێی ئەو كاژێرانەی لەڕۆژانی پێشوودا دراوەتە هاوڵاتیان (6-7) كاژێر بووە، بەم كارە ئەگەینە دووقاتی ئەو كاژێرانە.
13- یەكێكی تر لەخاڵە هەرە سوودمەندەكانی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە كە ئێستا لە 30% شاری سلێمانی سەرە محویلەی بەرئەكەوێت، واتە لە 24-40 كاژێر ئەو هاوڵاتیانە كارەبا نابینن، ئەم پرۆژەیە ئەو كێشەیە چارەسەر ئەكات.
14- لەگەڵا ئەوەی وەك داتایەك كە لە (15)ڕۆژی ڕابووردودا بەدەستمان گەیشتووە لەو ماوەیەدا (50-60) محویلە سووتاوە كە نرخەكانیان ئەگاتە نزیكەی ( 500,000) دۆلار، ئەمە تەنها محویلە بۆ ئەو ماوەیە، جگە لەوەی بەنیوەی ئەوە قاتع و كێبڵمان سووتاوە.
15- لەگەڵا ئەوەی هەموو وێسگەكانی گۆڕینمان كە تێچووەكانیان بەسەدان ملیۆن دۆلارە، هەر رۆژەی بەشێكی ئەوەستێت و تەمەنیان بەم هەموو ئۆڤەرلۆد و بڕینە زۆر كورت بۆتەوە.
16- تەنها لەزستانی پێشوو نزیكەی 300 محویلە و هەزاران قاتعمان گۆڕیوەو داناوە كە نرخەكەی دەیان ملیۆن دۆلارە، كە ئێستا بەهەموو پارێزگای سلێمانی (5) محویلەی تیا نیە.
17- لەناوشاری سلێمانی بەهۆی سووتانی محویلەوە هاوڵاتی چەند شوێنێك بە (15) ڕۆژو زیاتر كارەبایان نیە.
18- لەم ئەنجامانەوە ئەڵێین كارەبا كە لەڕۆژێكدا (4/1) ی ڕۆژەكە هەیە ئەبێت بە دووقات و زیاتر.
19- ئەو كارەبایەی لەپشكی هەرێم پێمان ئەگات، لەم دیاری كردنەدا هەموو سوودەكەی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانیە، كە لەو بڕە زیاترمان پێویستە .
لەم پێداویستیەی كە لەخشتەی سەرەوەدا ئەیبینین، ئەكرێت پلانی بەكارهێنانی بۆ دابنرێت بەپێی پێویستی و بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە بەكاتژمێری دیاری كراو، كە هەر ئامێرێكی كارەبایی بەردەوام لەكاردا نابێت و ڕۆژانە وەك لەخشتەكەدا ستونی (Average usage) بەپێ‌ی كاژێری كاركردنی دانراوە، ئەوەندە بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە پێویستە.
لەخوارەوە بەدوو نمونەی جیاواز لە سنوری (20) ئەمپێردا بەكارهێنانی ئامێرەكان روون ئەكەینەوە، كە لەخشتەی یەكەمدا باس لە هیتەر و بۆیلەر ئەكات، لەگەڵا چەندین ئامێری تر.
خشتەی دووەم باس لەبەكارهێنانی سپلیت ئەكات، تەنانەت ئەكرێت سپلیتی دوو تەنی بەكاربێت لەسنوری توانای جۆزەكەدا.
ئەو جۆزەیە جۆری C type بەكاردێـت كە توانای بەرگەگرتنی هەیە بۆ ستارتینی ئامێرەكان.
نموونەی یەكەم (كاتی خەوتن) بەرزترین لۆد (KVA)
نموونەی دووەم (شەوان) بەرزترین لۆد (KVA)

بەڕێوەبەرایەتیگشتی كارەبا سلێمانی