ھەرزانتر لە نرخی بازار دۆلار دەدرێتە بەشێک لەهاوڵاتیان


ئەندامێکی لیژنەی  دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای  دەکات ھەندێک لە بانکەکانی عێراق بۆ چەند  توێژێک ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٢٠ ھەزار دینار دەدەنە ھاوڵاتیان و بڕیارەکەش ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە باسی راگەیاند: بانکی ناوەندی عێراق بەونرخەی کە دۆلار دەداتە بانکەکان بە ھەمان شێوەش چەند توێژێکی جۆراوجۆر ئەو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٢٠ ھەزار دینار  دەدرێتە بازرگانان و ئەو کەسانە لە  دەرەوە دەخوێنن یان چارەسەری  نەخۆشی  دەکەن یانیش حەج دەکەن بە مەرجێک بڕە پارەکە لە ٣ ھەزار دۆلار تاوەکو ١٠ ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

پێدانی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٢٠ ھەزار دینار بەو کەسانە لە کاتێکدایە لە بازاڕدا نرخی ھەر ١٠٠ دۆلارێک زیاتر لە ١٣٠ ھەزار دینارە.

نەجیبە نەجیب ئەوەشی خستەڕوو ئەو بابەتە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وتیشی: ڕاستە بانکی رافیدەین و ڕەشید ئەو کارە دەکەن و ئەوان لە ھەرێمی کوردستان لقیان نیە،بەڵام  بانکەکانی بازرگانی عێراق وشیمال و بەغداد و بانکی ئیسلامی ھەمان ئەوکارە دەکەن لە کوردستانیش لقیان ھەیە.

بانکی ڕافیدەین ھەر دۆلارێک بە ھەزار و ٢٠٠ دینار دەداتە ئەو کەسانەی بۆ دەرەوە گەشت  دەکەن بەو مەرجەی پارەکە  لە ٣ ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

ئەو بانکە کە ١٧ لقی لە عێراق ھەیە بۆ پێدانی دۆلار بەو  نرخە  داوای بەڵگە دەکات وەکو پاسەپۆرت و داوەتنامەی  خوێندن و  وچارەسەری نەخۆشی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە ھەوڵێکی زۆر ھەیە کاری ھەموو بانکە عێراقیەکان لە کوردستان ئاسایی بێتەوە بۆ ئەوەی ھەر رێنماییەک لە بەغدا دەردەچێت ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

نەجیبە نەجیب دووپاتی کردەوە پێدانی  دۆلار بە ھەرزانتر بە ھاوڵاتیان کاریگەری زۆری  دەبێت لە داشکانی دۆلار و ڕاگرتنی بەھای دیناری عێراقی، وتیشی: مانگانە لە عێراق ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن  دۆلار تاوەکو  ٣ ملیار دۆلار داواکاری لەسەر کڕینی دۆلارھەیە، بانکی ناوەندی  توانای پڕکردنەوەی ئەم  خواستەی نیە ھەر بۆیە ١٠٠ دۆلار نرخەکەی  زیاترە لە ١٣٠ ھەزار دینارە، بانکی ناوەندی توانای ھەیە تاوەکو ٢ ملیاردۆلاربخاتە بازاڕ بۆیە ئەگەربانکی ناوەندی پشتیوانی بانکەکان نەکات  دۆلار زۆر زیاتر گران  دەبێت.