كۆمپانیاكانی سلێمانی روو لە هەولێر دەكەن


بایكۆتی هەندێك لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی وایكردووە، كە هەندێك لە  كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بۆ راییكردنی كارەكانیان روو لە شاری هەولێر بكەن.

 خاوەنی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت دەڵێت: رۆژانە لە رێگەی 10 پارێزەرەوە كارەكانی كۆمپانیاكەیان لە شاری هەولێر بەرێدەكەن و كارمەندی تایبەتیان بۆئەو مەبەستە دامەزراندووە.

هەندێك لە كۆمپانیاكان جگە لەوەی دەبێت رێگەیەكی درێژ بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان بگرنەبەر، بەهۆی بێ‌ پارەییەوە پرۆژەكانیشان بە تەواونەكراوی جێهێڵراوە، بەگوتەی سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی بایكۆتی فەرمانبەران بووەتە كێشەیەكی گەورە وایكردووە كە بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار زەرەر بە پارێزگاكە بگات.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان لە سلێمانی بەر لە ساڵی 2014دا ناوی پێنج هەزار كۆمپانیا لە سلێمانی تۆماركراون، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا 50% ی كۆمپانیاكان داخراون و سلێمانیان جێهێشتووە.

هەروەها لە 2 مانگی رابردوودا زیاتر لە 1000 كۆمپانیای بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێن، رۆژانە بۆ رایكردنی كارەكانیان روو لە شاری هەولێر دەكەن.