قەیرانەکان خەڵكیان لە كڕینی ئۆتۆمبێلی سفر دوور خستووەتەوە


دوای ئازادكردنی عێراق، لە كوردستان بازاڕی ئۆتۆمبێلی سفر جمەی دەهات. بەردەم پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل پڕ بوون لە ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتر و كۆمەڵێك كڕیاریان لە دەوری خۆیان كۆ دەكردەوە. بەڵام قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ئەو دۆخەی پێچەوانە كردووەتەوە و ئێستە كڕین و فرۆشی دەستی دوو زیاترە و كەس مەرحەبای ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتر ناكات.

لە ساڵانی فەرحانی و پێش ئەو بێ بازاڕیی و تەنگژە دارایییە، لەگەڵ دەرچوونی هەر مۆدێلێكی ئۆتۆمبێل، دوای ماوەیەكی كەم لە پێشانگەكانی كوردستان بە جۆرەها تایبەتمەندی و ڕەنگی جیاوازەوە دەست دەكەوت. ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە درێژەكان لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان؛ سەریان لە دووی یەك دەنا و لە ڕێگەكانی دەرەوە و ناوەوەی شەقامەكانی هەولێریش دەبینران، كە ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێ و سفریان هەڵگرتبوو. 

ئەو ئۆتۆمبێل بار هەڵگرانە هەرزوو ئۆتۆمبێلەكانیان دەهێنرایە خوارەوە و دووبارە دەگەڕانەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی تر بهێنن. ئەوان بەردەوام لە رێگەدا بوون. لە پێشانگەكانی فرۆشتنیش، كڕیار جمەی دەهات و ڕۆژانە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان كەم دەبوونەوە و خۆیان لەلای خاوەنی نوێیان دەبینییەوە. ساڵانێك كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ڕاكەڕاك بوو و ڕۆژانەیش ژمارەی پێشانگەكانی فرۆشتنیان لە زیادبووندا بوو؛ بە ڕێژەیەك، جگە لە پێشانگە گەورەكان، لە زۆربەی شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر ئۆتۆمبێل دەفرۆشرا. لەگەڵ زۆریی پێشانگەكانیش، هەرچەند خاوەن پێشانگە ئۆتۆمبێلی بهێنایە بەزوویی پارەكەی وەچەنگ، كەچی ئێستە كەس لێیان ناپرسێت و دەستی دوو بە هەموو خراپەكانییەوە كڕین و فرۆشتنی گەلێك لەو نوێیانە باشترە.

شوێنی پێشانگەكانی هەولێر كە بە مەعرەزی ئۆتۆمبێل ناسراوە، كەوتووەتە كۆتای گەڕەكی ئازادی و پانتایییەكی داگیر كردووە. كاتێك دەچیتە ناوەوە، چەندین پێشانگەی ئۆتۆمبێل لەوبەر و ئەمبەری شەقامەكەن و لەبەر ئۆتۆمبێل ڕێت نییە بڕۆی. لەو بازاڕە ئازاد سەدرەدین سەعید خاوەن پێشانگەی ئاسۆس دەڵێ، “ئێستە تا ڕادەیەك بازاڕمان باشە و خەڵك خەریكە لەگەڵ تەنگژەی دارایی ڕادێ و وردە وردە جموجۆڵ كەوتووەتەوە بازاڕەوە”. جاران كە لە ڕۆژێكدا 15 گرێبەستی فرۆشتن لە پێشانگەكەی ئازاددا كراوە، ماوەیەك لە هەفتەیەكیشدا كەس كڕیاری نەبووە، بەڵام ئێستە ڕۆژی سێ گرێبەست دەكات. ئەو دەڵێ، “هەواڵە سیاسییەكان ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕمان هەیە و هەواڵی ناخۆش بەیەكجار بازاڕمان دەوەستێنێت”.

نافیع كانەبی عوسمانیش خاوەنی پێشانگەی فەرهەنگ ڕایگەیاند، “بە بەراوردی بەر لە تەنگژەی دارایی، بازاڕمان باش نییە، بەڵام بەیەكجار نەوەستاوە”. ئەوان كە جاران 12 گرێبەستیان كردووە، ئێستە ڕۆژانە پێنج گرێبەست دەكەن.

لەو بازاڕە دەرفەتی نان پەیداكردن بۆ زۆرێك ڕەخساوە و سەردار محەمەد لەو بازاڕە ئۆتۆمبێل بە پێنج هەزار دەشوات. ئەویش دەڵێ، “بازاڕم نیوەی جارانە”. ئێستە سەردار ڕۆژانە پێنج ئۆتۆمبێل دەشوات و ڕۆژانەی چوار سەر خێزانەكەی دەردەكات.

كارمەندانی حكوومەت لەو بازاڕە زۆرن. ئەوان لەوێن بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان بكەنەوە پارە، یاخود بەدوای ئاڵوگۆڕێكدان تا بڕێك پارەیان بۆ بمێنێتەوە. ئەحمەد محەمەدی فەرمانبەر، لەو بازاڕەیە تا ئۆتۆمبێلەكەی بەیەكی تر بگۆڕێتەوە. ئەو پێشتر ئۆتۆمبێلەكەی بە سفر دەرهێناوە و دەڵێ، “بۆ دانەوەی قیستی ئۆتۆمبێلەكەم ئەو كارە دەكەم”. خاوەن پێشانگەكانیش دەڵێن هاوشێوەی ئەحمەد زۆرە و ڕۆژانە چەندان كارمەندی حكوومەت دێنە لامان و ئۆتۆمبێلەكانیان دەفرۆشن.

كەمێك ئەولاتر كاكەدین حەمەد خدر خاوەن پێشانگەی ڕەواندز، لەگەڵ ئەوەی كارەكەی بە بەراوردی جاران جیاوازی زۆرە، دەڵێ، “بازاڕ مامناوەندییە و ڕۆژانە سێ گرێبەست دەكەین”.

ئێستە بازاڕی دەستی دوو گەلێك لە سفر كیلۆمەتر باشترە و بازاڕی پێشانگەكانی ئۆتۆمبێلی سفر، سفرە و خاوەنەكانیان دەڵێن بە سێ ڕۆژ گرێبەستێك ناكەین.

لە نزیك بەڕێوەبەرایەتی باجی هەولێری سەر شەقامی سەد مەتری، چەندان پێشانگە لەو شەقامە بەرینە هەن. محەمەد لە یەكێك لەو پێشانگەیانە باس لە ڕابردوو دەكات كە بازاڕیان زۆر باش بووە و بە گوتەی ئەو، “مانگانە بە بەردەوامی نزیكەی 600 ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە و هەموو مانگێكیش 700 ئۆتۆمبێلیان هاوردە كردووە”. كەچی لەگەڵ هاتنی تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش، ئەو فرۆش و هاوردەی ئۆتۆمبێل بووەتە خەون. ئەو دەڵێ، “ئێستە بە سێ ڕۆژ گرێبەستێك ناكەین”. ئەوە گوتەی زۆرێك لەو خاوەن پێشانگەیانەن كە “وشە” سەردانی كردوون و كەمێك لەولاتر ڕەوەند لە كۆمپانیای موهەنەد بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل باس لە بێ بازاڕییان دەكات، بەوەی هەفتەی دوو ئۆتۆمبێل بفرۆشن، فرۆشیان باش بووە، لەكاتێكدا هەر براكەی ڕەوەند كاری كڕین و فرۆشتنی دەستی دوو دەكات لە شوێنی سەرەكی پێشانگەكانی هەولێر و ڕۆژانە چوار تا پێنج ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت.

ئێستە كەمی جموجۆڵی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، نرخەكەی هەرزان كردووە و بەگوتەی خاوەن پێشانگەكان، “بەگشتی نرخی ئۆتۆمبێل بە پێی جۆریان، لە دوو هەزارەوە تا 15 هەزار دۆلار دابەزیوە”. لەگەڵ ئەوەش وەرگرتنی ژمارەی ئۆتۆمبێل لای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕۆژانە هەر بەردەوامە و بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، تا كۆتای مانگی شەشی ئەمساڵ، 380 هەزار و 751 ئۆتۆمبێلی تایبەت تۆمار كراوە.
 
وشە