مەرزێكی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا دەكرێـتەوە

بڕیارە ئەم هەفتەیە مەرزی نێودەوڵەتی سەیرانبەن لە سنوری هەرێمی كوردستان و ئێران بكرێـتەوە و بەرێوەبەری ناحیەی گەرمك-یش دەڵێت سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی‌ ئەو مەرزە ئەنجامدراون.

حاكم زیاد عەبدوڵا مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمك رایگەیاند ” بڕیارە سبەی دووشەممە 1ی شوبات بەسەرپەرشتی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و ئامادەبوونی‌ هەریەك لە كونسوڵی‌ ئێران لەهەرێمی‌ كوردستان و پارێزگاری‌ سنەو قائمقامی‌ بانە، مەرزی نێودەوڵەتی سەیرانبەن لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بكرێـتەوە ” .

وتیشی” لە ئێستادا هاوشێوەی مەرزی باشماخ هەموو بەشەكانی ئامادەكراوە و ئەو گرفتانەشی كە هەبوون چارەسەر كراون”.

بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمك  ئاماژەی بەوەشكرد” لەم مەرزەدا رێگا بە هاتووچۆی هاوڵاتیان و هەروەها بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەدرێـت”.

مەرزی سەیرانبەن 20 كیلۆمەتر لە ناحیەی گەرمك و 40 كیلۆمەتر لە قەزای پێنجوێن-ەوە دوورە و هەرێمی كوردستان بەشاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگەیەنێت .

سەرچاوە: خەندان