لە ئیستانبوڵ وەزیرانی نەوت كۆ دەبنەوە


سەرچاوەكانی سەر بە رێكخراوی هەناردەكردنی نەوت كە بە ئۆپێك ناسراوە بڵاویان كردەوە، بڕیارە دانیشتنێكی نائاسایی لە نێوان وەزیرانی نەوتی هەر یەك لە وڵاتانی سعوودیە، ئێران، عێراق و رووسیا ئەنجام بدرێت.

لە هەشتی مانگەوە تا ١٠ی ئەم مانگە لە ئیستانبوڵ كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزە بەڕێوە دەچێت و دانیشتنە نائاسایییەكەی وەزیرانی نەوتی ئەو وڵاتانەش لە میانەی ئەو كۆنفرانسەدا دەبێت.

مەبەست لە كۆبوونەوەی ئەو وڵاتانە ئەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی نەوت بكەن و سنوورێك بۆ ئەوە دیاری بكەن چیتر بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز نەكرێتەوە.

لە لایەكی ترەوە وەزیری نەوتی جەزائیر بە “فرانس پرێس”ی گوتووە، ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك لەبارەی دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت رێك بكەون، ئەوا رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە تا هاوكاری ئەو رێكخراوە بكات.

جێگەی باسە لە كۆبوونەوەی ٢٨ی ئەیلوولی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك كە لە جەزائیر بەڕێوە چوو، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لەسەر ئەوە رێك كەوتن ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ٣٣ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار بەرمیلەوە دابەزێنن بۆ خوارووی ٣٣ ملیۆن بەرمیل.

بڕیارەكەی ئەو رۆژەی ئۆپێك كاریگەریی بۆ سەر نرخی نەوت هەبووە و نرخەكەی بۆ سەرووی ٥٠ دۆلار بەرز كردووەتەوە.