مێرگەپان: ناوچەیەکی گەشتیاری‌و سروشتێکی جوان


هەرکاتێک گوێمان لەناوچەیەکی گەشتیاری هەرێمی کوردستان دەبێت چەند تایبەتمەندیەکی ناوچەی گەشتیاریمان بەبیردێتەوە لەوانە جوانی سروشت و فێنکی لەهاویندا و گونجاوی گەشوهەوا، ناوچەی گەشتیاری مێرگەپانیش بەنموونە کە کەوتۆتە رۆژهەڵاتی ناحیەی سورداش لەدامێنی زنجیرە چیای پیرەمەگرون، هێندەی تر جوانی بەخشیوە بەناوچەکەو سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.

لەکۆنەوە وتراوە ئاو و ئاوەدانی, ناوچەی گەشتیاری مێرگەپانیش بەهۆی بونی ئاوێکی زۆر و سازگارەوە ئاوەدانی بەخشیوەتە ناوچەکە، بەڵام هاوشێوەی سەرجەم ناوچە گەشتیاریەکانی تری هەرێم ئەم ناوچەیەش بەدەر نیە لەپشتگوێ خستنی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەو هاوڵاتیانی سنورەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن نەک تەنها حکومەت هاوکاریان ناکات بەڵکو رێگریشیان لێدەکات لەفراوانکردن‌و زیادکردنی پرۆژە گەشتیاریەکان.

خاوەن پرۆژە گەشتیاریەکانی سەیرانگای میرگەپان دەڵێن: ناوچەی گەشتیاری مێرگەپان شوێنێکی خۆشە و بەهۆی جوانی سروشتەکەیەوە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە باشور و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتی ئێرانە سەردانی ناوچەکە دەکەن بۆیە داواکرین لەحکومەت گرنگی زیاتر بە ناوچەکە بدات و خزمەتگوزاریە سەرتایەکانمان بۆ دابینبکات.

خاوەن پرۆژە گەشتیاریەکانی سەیرانیگای میرگەپان دەشڵێن: حکومەتی هەرێمی هەموو ناوچە گەشتیاریەکانی ئیهمال کردوە  ئیشی بۆ هیچ شوێنێک نەکردوە تا بۆ مێرگەپانی بکات، حکومەت نەک هەر یارمەتی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری نادات بەڵکو زۆرجار رێگریشمان لیدەکات کە پرۆژەکانمان فروانکەین تەنانەت لەسەر زەویەکانی خۆشمان کە تاپۆیە،  ئەو پرۆژە گەشتیاریانەی کە کراویشە هاوڵاتیان بەهەوڵ و ماندووبونی خۆیان کردویانە.

هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی چەندین زنجیرە چیای گرنگ و زۆری درەختی جۆراوجۆری سروشتی و بوونی چەندین دەشت‌و دۆڵ‌و کانی‌و ئاوی سازگار  پایە گرنگەکانی ناوچەی گەشتیاریان بەخشیوەتە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی سودی لەم پێدراوە سروشتیانە نەبینیوە حکومەتە خۆماڵیەکەی هەرێمە.
 
 
 
 
 
 
ئا:ڕێ