زیاتر لە 13 ملیار دۆلار وەك قەرز بە عێراق دەدرێت

 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەمنێزیكانە دەست بە وتوێژ لەگەڵ بەریتانیا دەكرێت لەبارەی پێدانی قەرزێك بە عێراق بە بڕی 10 ملیار پاوەند (زیاتر لە 13 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی). 

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە ئەمڕۆ سێشەم سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان لە بەغدا پێشوازی لە ئیما نیكلسن نێردراوی بازرگانی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و شاندی هاوەڵی كرد.

بەپێی بەیاننامەكە باسی پێوەندییە بازرگانییەكانی هەردوولا و هاتنی كۆمپانیاكانی بەریتانیا بۆ عێراق كرا، هەروەها جەخت لە گرنگی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتی ناوەخۆیی و دەرەكی كرایەوە بۆ تەواوكردنی زیاتر لە چوار هەزار پڕۆژەی تەواو نەكراو.

وەزیری پلاندانان ستایشی رۆڵ و ناوبانگی كۆمپانیا بەریتانییاییەكانی كردەوە و ئاشكرای كرد كە لە چەند رۆژی داهاتوودا وتوێژی وەرگرتنی قەرزێك بە بڕی 10 ملیار پاوەن لە بەریتانیا دەست پێ دەكات كە دەبێتە دەروازەیەك بۆ هاتنی كۆمپانیا بەریتانییایەكان بۆ عێراق.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەنگژەی داراییەوە عێراق كەوتە دۆخێكی سەختی ئابووری و زۆرینەی پڕۆژەكان راگیران، ئەوەش وای كرد كە عێراق پەنا بۆ قەرزی دەرەكی ببات و هەر لەو ناوە هەفتەی رابردوو وتوێژ لە نێوان عێراق و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە عەمان بەڕێوە چوو.