بۆچی تۆیۆتا كراون هاوردەی كوردستان ناكرێ؟


كۆمپانیای تۆیۆتا نوێترین مۆدیلی ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا كراون 2016 ی دەركرد، بەڵام كۆمپانیاكە ناینێرێتە كوردستان و عیراق، چونكە ساڵانێكە ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا كراون بەشێوەیەكی تایبەتی بۆ ناوخۆی ژاپۆن دروست دەكرێت و هەناردەی دەرەوە ناكرێت.

رێژین عوسمان ئەحمەد بەڕێوەبەری لقی سلێمانی جیهان مۆتۆرز، بریكاری تۆیۆتا لە كوردستان، بە كورد ئۆتۆی راگەیاند، چەند جارێك داوامان لە نوێنەران و بەرپرسانی كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی كردووە كە ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا كراون هەناردەی عیراق و كوردستان بكەن، چونكە ئۆتۆمبیلێكی بەناوبانگە لە كوردستان و عیراق و هەوادار و عاشقێكی زۆری هەیە، بەڵام وەڵامی ئەوان هەمیشە ئەوە بووە كە ئەو ئۆتۆمبیلە تایبەتە بە ناوخۆی ژاپۆن و هەناردەی دەرەوەی وڵاتەكەیانی ناكەن.
 
 

رێژین وتیشی، هۆكاری هەناردە نەكردنی تۆیۆتا كراون بۆ كوردستان نازانرێ بە تەواوەتی چییە، رەنگە پەیوەندی بە كوالیتی و مواسەفاتی ئەو ئۆتۆمبیلە یان رەنگە پەیوەندی بە نرخەكەیەوە هەبێ، یان رەنگە تۆیۆتا لە بنەڕەتەوە بڕیاری دابێ كە ئەو ئۆتۆمبیلە تایبەت كات بەناوخۆی ژاپۆن و هەناردەی دەرەوەی نەكات.
 
 
ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا كراون، ساڵانی پێشوو پاشناوی سوپەر ساڵۆنیشی پێوە بوو و لە كوردستان ناوبانگێكی زۆری هەبوو و نموونەی ئۆتۆمبیلی بەهێزو پتەو و جوان بوو، ناوبانگی ئەو ئۆتۆمبیلە لەساڵانی هەشتاوە بۆ ئێستا و داهاتووش درێژ بۆتەوە.. لەوەتەی كورد ئۆتۆش دامەزراوە چەند جارێك فان و خوێنەران داوای سۆراغی تۆیۆتا كراونیان كردووە.