گەشتی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کوێت دەکرێتەوە


سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم “مەولەوی جەبار” رایگەیاند: “ناوەرۆکی گرێبەستەکە ئەوەیە کە گەشتێکی ئاسمانیی لە نێوان وڵاتی کوێت و ھەرێمی کوردستاندا رێکدەخرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن راستەوخۆ لە کوێتەوە بێن بۆ ھەرێمی کوردستان”.

بەمەبەستی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیای “فلای میران” بە چاودێریی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای “ئیکارۆس تور”ی کوێتی واژۆ کرد و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ١٠یەکەمین گەشتی ئاسمانی لە وڵاتی کوێتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان ئەنجامب درێت.

 بە پێی گرێبەستەکە کۆمپانیای ئیکارۆس تۆری کوێتی لە ئێستاوە ھەڵمەتی بەبازاڕکردن بۆ گەشتوگوزار دەستپێدەکات و کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان بە ھاوڵاتییانی کوێت دەناسێنیت.

سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم مەولەوی جەبار لە رێورەسمی واژووکردنی گرێبەستەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی و رێکخستنی گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکانی وڵاتانی بیانی و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە کۆمپانیای گەشتیاریی کوێتی سەرسامی خۆی بە سروشتی کوردستان و ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە نیشانداوە.

 مەولەوی جەبار باسی لەوەکرد، ساڵانی حەفتا و ھەشتاکان کوردستان یەکێک بوو لەو شوێنانەی گەشتیارانی کوێت روویان تێدەکرد، بۆیە ئەوانەی ئێستا تەمەنیان زۆرە، بەشێکی زۆریان شارەزای ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانن.

سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاشکرایکرد، ئەوان ھەموو ئاسانکارییەکییان بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کردووە بە مەبەستی ھێنانی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک رێبەر و نەخشەی ھەرێمیان داوەتە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین رێژەی گەشتیاران بۆ ھەرێمی ھەرێمی کوردستان رابکێشن.

 مەولەوی جەبار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: “ناوەرۆکی گرێبەستەکە ئەوەیە کە گەشتێکی ئاسمانیی لە نێوان وڵاتی کوێت و ھەرێمی کوردستاندا رێکدەخرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن راستەوخۆ لە کوێتەوە بێن بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەوەندەی ئێمەش ئاگاداربین، ئەو کۆمپانیایە لە کوێت فشارێکی زۆری لەسەرە لەلایەن گەشتیارانەوە بۆ ئەوەی بە زووترین دەست بە گەشتەکانی بکات”.

 جەبار وتی: “ئێمە پاڵپشتیی ھەردوو کۆمپانیاکە دەکەین، بە تایبەت کۆمپانیا کوێتییەکە، رێبەر و نەخشەی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەشکردوون بۆ ئەوەی خەڵک ئاشنای شوێنە گەشتیارییەکان بێت”.

 لای خۆیشییەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای میران “لاوەند مەموندی”، ئاماژەی بەوەکرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاریی دەدات و ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتەکانی نێوان کوێت وهەرێم دەست پێبکات.

 لاوەند مەموندی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “ماوەیەکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاریی دەدات، ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا توانیمان گرێبەستێک لەگەڵ ھێڵی ئاسمانیی عێراقی واژوو بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ھەفتانە دوو گەشتی ئاسمانیی ھەبێت لە نێوان کوێت و هەرێمدا”.

 وتیشی: “دوای گرێبەستەکەمان لەگەڵ ھێڵی ئاسمانیی عێراقی گەیشتینە ئەو قۆناغەی کە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی کوێتی بکەین بە مەبەستی ھێنانی گەشتیار لە کوێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە ناوەراستی مانگی ١٠دا ئەو گەشتە دەست بەکارەکانی و زیاتر بۆ مەبەستی گەشتیارییە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی کوێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن”.