ئەندامانی ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی نەوت کۆدەبنەوە

 
بڕیارە 20-3-2016 بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مۆسکۆ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی بازاڕی نەوت. هەروەها نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی 37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دابەزینی نرخی نەوت بەرهەمهێنەرانی نەوتیان ناچارکرد کە هەوڵەکانیان بخنەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێك لەسەر دیاریکردنی ئاستیکی دیاریکراو بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، رێککەوتنەکەی دەوحەش رێگا خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەرانی دیکە بیر لە جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە. 
رۆژی پێنجشەممە 3-3-2016 ئیمانوێل ئیبێ وەزیری نەوتی نایجیریا ئاشکرایکرد کە لە 20ی ئەم مانگە ئەندامانی ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوە لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە و بەهای نەوت بگەیێنەوە ئاستێکی شایستە. 
وەزیری نەوتی نایجیریا، ئاشکراشیکرد کە بەرهەمهێنەرانی نەوت هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبکەنەوە بۆ ئاستی 50 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
دوای راگەیاندنی ئەو کۆبوونەوەیە بەهای نەوت بەرزبووەوە و لەکاژێر 22:20 خولەکی شەوی پێنجشەممە 3-3-2016 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 37 دۆلار و 17 سەنت.