پسپۆڕێکی بواری نەوت: یەدەگی نەوتی کوردستان بەشی ١٩١ ساڵی داھاتوو دەکات

شارەزایەکی بواری نەوت و گاز رایگەیاند ” ئێستا کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە دۆزینەوەو بەرھەمھێانی نەوتە بۆ ئەوەی بتوانێ دۆست‌و پشتیوان بۆ پرۆسەی سیاسی و سەربەخۆیی کوردستان مسۆگەر بکات”.
دکتۆرنات ئاریان پسپۆری بواری نەوت و گاز بەووزە نیوزی راگەیاند: لە کەم شوێنی جیھاندا ڕوویداوە کە ڕیژەی سەرکەوتن لە دۆزینەوەی نەوت ھێندەی کوردستان بەرز بێ،  گوتیشی پتر لە ٦٠%ـی ئەو بیرانەی لە کوردستان بۆ دۆزینەوەی نەوت لێدراون  نەک ھەر سەرکەوتوو بوون بەڵکو ڕیژەیەکی زۆری نەفتیان تێدا دۆزراوەتەوە”.
ھەروەھا سەبارەت بە تێروانینی کۆمپانیا نەوتیە ئوستورالیەکان و  وەبەرھێنان لە کوردستان، د. نات ئاریان گوتی “ئوسترالیا بە ڕێزەوە لە کەرتی نەوتی کوردستان دەڕوانن‌و بە شەفاف‌و سەردەمیانەی دەزانن، بەبێ ھیچ گومانێک بە شەفافترین کەرتی نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەماشا دەکرێت”، گوتیشی ” کۆمپانیا نەوتیەکانی ئوسترالیا ھەوڵ دەدەن وەبەرھێنان‌و سەرمایەگوزاری لە کوردستان بکەن ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێ.”
ھەروەھا سەبارەت بە وەبەرھێنان لە سێکتەری نەوت و گاز ئاریان رەزامەندی  چەند کۆمپانیایەکی نیشانداوە کە بە بڕی ٢ ملیار دۆلار  لە کوردستان ئامادەن وەبەرھێنان  لە سێکتەری وزەی کوردستان بکەن  گوتیشی ” لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ھاوکار پلانی دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نەوتمان ھەیە کە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستبکرێ‌و کارگەی پیترۆکیماییش لە خۆ بگرێ بۆ گۆڕینی پاشماوەی پاڵاوگەکە بۆ بەرھەمەکانی پلاستیک، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەین  تا ٢ ملیار دۆلار وەبەرھێنان بکەین.  ئەمەش لە کاتێکدا  ئەگەر حکومەتی کوردستان ڕێگەمان پێ بدات”.
ھەر وەھا وتیشی: بە پێی یەدەگی نەوتی کوردستان بە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیشەوە   نزیکی ٧٠ ملیار بەرمیل نەوتە و بەو پێیەش نەوتی کوردستان بەشی ١٩١ ساڵی داھاتوو دەکات .
د.نات ئاریان   بەھۆی داھێنان و  شارەزاییەکانیەوە چەندین خەڵاتی جیھانی بە دەست ھێناوە و  دیارترینیان لە  ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن کۆمەڵەی دۆزەرەوانی نەوت لە ئوسترالیا خەڵات کرا.