شارەزایانی ئابووری: ئەگەر ساڵانە ٢٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت دوای ٢٥ ساڵی تر دەتوانرێت قەیرانی نیشتەجێبون چارەسەر بکرێت


بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەگرتووەکان نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارە بوون ، بەدەیان هەزار خانووش بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی هێزەکانی عێراق لە ناوچە کۆنترۆڵ کراوەکاندا خاپور و وێران کراون ئەمەش وای کردوە قەیرانی نیشتەجی بوون لەزۆربەی شارەکانی عیراق‌و هەرێمی کوردستان دروست بێت.

مەزهەر محمەد ساڵح راوێژکاری ئابووری سەۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: لەمانگی حوزەیرانی ٢٠١٤دا بەر لە دروست بوونی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش عێراق پێویستی بە ٣ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون هەبووە، بەڵام دوای هێرش‌و وێرانکاریەکانی داعش لە ئێستادا بۆ چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بەرزبۆتەوە ئەوەش وای کردوە قەیرانی نیشتەجێبوون  دروست بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و خانووی مامناوەند بەتێچووی کەم تا ڕادەیەک دەتوانێت ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئامارەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی داعشەوە  نزیکەی سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس ئاوارە بوون و ڕێژەی بێکاریش بۆ لەسەدا ٢٣% بەرزبۆتەوە.

هاوکات کۆمەڵێک هۆکاری تر بوونەتە هۆی قەیرانی نیشتەجێبوون لەعێراقدا لەوانە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێکردن و خانوو بەشێوەی زیادەڕۆی و خراپی گوزەرانی هاوڵاتی و خواستی کۆچکردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ شار و شارۆچکەکان، هەروەها زیادبوونی رێژەی لەدایک بوون و زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە بەپێی دواین خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان ئاشکرا کراوە لە کۆتای ئەمساڵدا  دەگاتە رێژەی  ٣٧ ملیۆن کەس.

بەوتەی بەرپرسانی عێراق دەڵێن ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتوانی عێراق و کوردستان دەکاتە لە سەدا ٣%،  دانیشتوان ساڵانە ٧٥٠ هەزار کەس زیاد دەکات ، بەمەش ئەو ژمارەی کە بەرپرسان بۆ گەشەی دانیشتوان پێشبینی کردووە، بەپێی وتەی وەزارەتی پلاندان  بەرێژەی لەسەدا ٩٥% ڕاستە.

شارەزایانی بواری ئابووری ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە: لەبەرامبەر ئەو زیادبوونەی دانیشتواندا ئەگەر ساڵانە ٢٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت کە ئەوەش لەم کاتەی ئێستادا مەحاڵە دوای ٢٥ ساڵی تر عێراق دەتوانێت قەیرانی نیشتەجێبون چارەسەر بکات بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی و قەیرانی ئابوریەوە لە ئێستادا عێراق توانای ئەوەی هەیە ساڵانە تەنها ٣٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبون دروست بکات ئەمەش لە کاتێکدایە بە تێپەربونی کات ئەو ڕێژەیە ڕوو لە بەرزبونەوە دەکات.
 
ڕێ