کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر بۆتە پیشەسازییەکی سەرکەوتوو لە کوردستان


لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کێڵگە پەلەوەرییانەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە مۆڵەتیان پێدراوە بۆ بەخێوکردنی (مریشکی گۆشت) ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و، ئەمەش ھەم بۆتە سەرچاوەی داھاتی گشتین ھەم دەرفەتی کاریشی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ڕەخساندووە .

بەپێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ “١٢٦٤ ھەزار و دوو سەد و شەست و چوار کڵێگەی پەلەوەریی مۆڵەتیان پێدراوە و، بەرھەمی ساڵانەی ئەو کڵێگانەش بریتیە لە ١٣٢.٠٠٠ سەد و سی و دوو ھەزار تەن گۆشتی مریشک لە ساڵێکدا”.

سەبارەت بەو کێڵگانەشی مریشکی ھێلکە بەخێودەکەن، ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایدەکات “کێڵگە پەلەوەرییەکانی بەرھەمھێنانی ھیلکەی خواردن لە ھەرێم ئێستا ژمارەیان گەیشتوەتە ٩ کێڵگە و، بەرھەمی ساڵانەشیان ١.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠ یەک ملیار ھێلکەیە” .

ھاوکات ١٤ پرۆژەی مریشکی دایکانە بۆ گۆشتیش مۆڵەتیان پێدراوە و، ساڵانە ١٠٠ سەد ملیۆن ھێلکە بۆ ئەو مەبەستە بە پرۆسەی ھەڵھێناندا تێدەپەڕێت .

ھەرچی کارگەی دروستکردنی ئالیکی ئاژەڵ و عەلەفی پەلەوەریشە، ژمارەیان ٢٤ بیست و چوار کارگەیە و، بەرھەمی یەک سەعاتیان ٢٤٠ چوار سەد و ھەشتا تەنە .
 
بەمپێیەش دەرکەوتووە کە پیشەسازی دروستکردنی ئالیک و کیڵگەی پەلەوەریی بووەتە پیشەسازییەکی سەرکەوتوو لە ھەرێمی کوردستان.

ئا:ڕێ