چیرۆكی پشت دارەسوتاوەكەو بازاری دەبۆكەو حەوزە وشكەكە

لەشاری سلێمانیدا چەند بازارو شوێنێك هەن وەك (دارەسوتاوەكەو حەوزە وشكەكەو بازاڕی دەبۆكەو زیلە سوتاوەكە) ماوەی چەند ساڵێكە بەوناوانەوە ناسراون، بەڵام تائێستاش بەشێك لەهاوڵاتیان‌و بەتایبەتی نەوی نوێ چیرۆكی پشت ئەو ناوانە نازانن.
دارەسوتاوەكە
یەكێك لەوجێگایانە بازاڕی دارەسوتاوەكەیە لەشارەوانی سلێمانیدا ئەو گەرەكە بەناوی كانی ئاسكانەوە تۆماركراوە.
سەعید ئیبراهیم حەسەن تەمەن 65 ساڵ یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی كە ماوەی 30 ساڵ زیاترە لە دارەسوتاوەكە دووكانی هەیە.
ئەو پیاوە بەتەمەنە كە دووكانەكەی كەوتە بەردەم گەراجەكانەوە لەدارەسوتاوەكە، ئاماژە بەوەدەكات لەساڵانی حەفتاكاندا شوێنی ئێستای دارەسوتاوەكە مەیدانی دارفرۆشان بووە، ئەو بەپەنجەكانی دەستی ئاماژەی بە شوێنەكان دەكرد كە ئێستاش دیمەنی ئەو شوێنەی لەیاد ماوەو ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لەوێ‌ كاریانكردوە.
سەعید ئیبراهیم كە هاوكات ماڵەكەشیان نزیك ئەو مەیدانە بووە، وتی “لەساڵی 1980دا سلێمانی وەك ئێستا قەرباڵغ نەبوو پێشمەرگە دەهاتنە ناوشارەوەو یەكێك لەوجێگایانەی كە كۆبونەوەو چالاكیان تێدا ئەنجام دەدا ئەو مەیدانەبووە”.
بەوتەی ئەو پیاوە بەتەمەنە رژێمی بەعس چەندین جار داوایان لەدارفرۆشەكان كردوە كە مەیدانەكە چۆڵبكەن، بەڵام ئەوان گوێیان بەوداواكاریە نەداوەو بەردەوام بوون لەسەر كارەكەی خۆیان.
سەعید جاروبار قومێكی لە “چا” تاڵەكەی بەردەمی دەخواردەوەو دەچویەوە سەر گێرانەوەی چیرۆكەكە، ئەو وتی “لەشەوێكی درەنگانی هاوینی ساڵی 1980دا لەسەربان خەوتبووین هێندەمان زانی ئاگرێكی زۆر گەورە لە مەدیدانی دارەكە كەوتبوەوەو كەس نەیدەتوانی لێی نزیك بێتەوە”.
سەعید ئاماژە بەوەدە لەدواییدا بۆیان رونبوەتەوەكە مەیدانی دارەكە لەلایەن پیاوەكانی رژێمەوە سوتێنرابوو بۆ ئەوەی چیتر پێشمەرگە نەتوانێت كۆببێتەوەو چالاكی بكات.
لەپاش ئەو رووداوە ئەو جێگایە بەدارەسوتاوەكە ناسراوەو لەئێستاشدا ئەو شوێنە بوەتە بارزارێكی گەورەو مەزادخانەیەك‌و چوار گەراج‌و زیاتر لە 200 دووكانی تێدایە.
بازاری دەبۆكە
لەنزیك مزگەوتی گەورەو لەسەر شەقامی مەولەوی بازاڕێكی گەورە دەبینرێت‌و بەبازاڕی دەبۆكە ناسراوە.
بەوتەی ئەو هاوڵاتیانەی كە شارەزاییان لەسەر كاتی دروستبوونی ئەو بازارەهەیە، لەكۆندا ئەو شوێنە خانی وڵاخ بووە (شوێنی بەخێوكردن‌و مانەوەی ئاژەڵ).
دانا مسەفا محەمەد تەمەن 35 ساڵ یەكێك لەو هاوڵاتیانەی كە لەو بازارەدا دووكانی هەیەو بەوتەی خۆی لەسەردەمی باپیریەوە لەو شوێنەدا كاردەكەن.
دانا لەسەر زاری باپیریەوە چیرۆكی ناوی (دەبۆكە)ی بیستوە، ئەو وتی “باپیرم چەند جارێك بۆی گێڕاوینەتەوە كە لەسەردەمی كۆندا ئەم شوێنە خان بووەو خەڵك لەدەرەوەی سلێمانیەوە كە شتومەكیان بە گوێدرێژو وڵاخ هێناوە بۆ فرۆشتن شەوان لێرەدا ماونەتەوە”.
ئەو باس لەوەشدەكات لەسەردەمی عوسمانیەكاندا ئەو شوێنە لەلایەن سوپای عوسمانیەكانەوە وەك مەخزەن (گەنجینە)ی هەڵگرتنی شمەك‌و كەلوپەلی سەربازی بەكارهێنراوە.
دانای دووكاندار سەبارەت بەوشەی دەبۆكە وتی “باپیرم پێی وتوم كە ئەو وشەیە لەزمانی توركیەوە وەرگیراوەو بەمانای مەخزەن (گەنجینە) دێت”.
لەساڵانی هەشتاكاندا ئەو بازاڕە كراوەتەوە ناوی بازاڕی رازاوەی لێنراوە، دانا وتی “ئەو بازارە كە كرایەوە لەسەردەمی خۆیدا گەورەترین بازاربووە لەسلێمانی‌و تەنانەت لەهەولێریشدا، ئێمە دووكانی خەیاتیمان هەبوو، هەرچەندە بازارەكە ناوی رازاوەبوو، بەڵام خەڵكەكە بەو ناوە رانەهاتبوون‌و هەر دەیان وت دەبۆكە ئیتر ناوەكە بەو شێوە هاتوە تائێستا”.
حەوزە وشكەكە
كەمێك لەخوار بازاڕی دەبۆكەوە یەكێكی تر لەوشوێنانە هەیە كە چیرۆكێكی هەیە ئەویش حەوزە وشكەكەیە، لەشارەوانی سلێمانیدا ئەو شوێنە دەكەوێتە گەڕەكی دەرگەزێنەوە.
بەوتەی پیاوە بەتەمەنەكان لەسەردەمی ئینگلیزدا ئەو حەوزە دروستكراوە، بەڵام لەئێستادا هیچ ئاسەوارێكی ئەو حەوزەیە نابینرێت‌و ئەو جێگایە ئێستا بوەتە بازاڕی ئاڵتون فرۆشەكان.
عوسمان محەمەد ئەحمەدی تەمەن 69 ساڵ دووكانی بەهارتی لە نزیك حەوزە وشكەكە هەیەو بەوتەی دووكاندارەكان ئەو تەنها كەسی بەتەمەنە كە لەناو گوزەكەدا مابێتەوە.
عوسمان لەدووكانە بچوكەكەیداو بەدەم بەرێكردنی كڕیارەكانەوە ورد ورد قسەی دەكرد.
ئەو وتی “زیاتر لە 40 ساڵە لەم گوزەرەدا دووكانم هەیەو بەبیرم دێت ئێرە حەوزو ئاوێكی زۆر خۆش‌و فراوان بوو چوار داری گەورەتیابوو ئێواران خەڵك‌و دووكاندارەكان لەژێریدا كۆدەبوونەوەو ئیسراحەتیان تێدادەكرد”.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەدەمی چەند كەسێكەوە بە عوسمانی دووكاندار گەیشتوە لەسەردەمی ئینگلیزدا ئەو حەوزە دروستكراوە.
ئەو وتی “تا نزیك راپەڕینیش ئەو حەوزو ئاوە هەرمابوو، بەڵام دوای ئەوە وردەوردە ئاوەكە وشكیكردوو دارەكانیان بڕی‌و شوێنەكەی كرابە دووكان”.
زیلە سوتاوەكە
یەكێكی تر لەوشوێنانە زیلە سوتاوەكەیە كەدەكەوێتە گەرەكی مەجید بەگەوەو ناوەكەی بەلای خەڵكەوە زۆر ئاشنا نییە.
بەپێی گێرانەوەو زانیاریە مێژوویەكان لەساڵانی هەشتاكاندا ئەو شوێنە یەكێك بووە لە بارەگای سەربازی رژێمی بەعس و لەهەڵمەتێكدا ژمارەیەك پێشمەرگە چونەتە سەر ئەو بارەگایە.
سدیق حەسەن تەمەن 55 ساڵ یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی كە رووداوەی بەبیردێت، ئەو وتی “لەناوەراستی ساڵی هەشتاكاندا مەفرەزیەكی پێشمەرگە چونە سەر ئەو بارەگایەی بەعس ژمارەیەك سەربازیان كوشتو چەند ئۆتۆمبێلێكیشیان سوتاند، كە لەناویاندا سێ‌ زیل هەبوو بەتەواوەتی سوتێنران‌و لەوسەردەمەشەوە ئەو شوێنە بە زیلە سوتاوەكە ناودەبرێت”.
سەرچاوە هاوڵاتی