“سەندیكای رۆژنامەنوسان ساڵانە یەك ملیار و نیو دینار داهاتی هەیە و خەرج كردنی شەفاف نیە”

ئەنوەر حسێن ڕایدەگەیەنێت لەكۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوساندا ڕەخنەیەكی زۆر ئاراستەی نەقیبی سەندیكا كرا.
ئەنوەر حسێن، سكرتێری لیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان بە كوردیو،،ی  ڕایگەیاندوە: لەكۆبوونەوەی دوێنێدا ئەنجومەنی سەندیكا باسی لەئیش وكارە نوێیەكانی سەندیكا كرد، بەداخەوە لەماوەی ڕابردوودا نەقیبی سەندیكا كۆمەڵێك گرفت و كێشەی زۆری بۆ لیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنوسان دروست كردوە و لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕێگەی نەداوە لیژنەكە كار بكات.
ئەنوەر حسێن ئاماژەی بەوەش كرد لەكۆبوونەوەكەدا ڕەخنە لەناشەفافی بودجەی سەندیكا گیرا، وتیشی “ڕاپۆرتی شەش مانگ لەپێنج خولەكدا دەهێنرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت ئیمزای بكەین و بڕوات، كە بەپێی یاسا پێویستە هەر ئەندامێكی ئەنجومەن وێنەیەكی لەبەردەستدا بێت و بەوردی پێیدا بچێتەوە”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كۆی داهاتی سەندیكا بەو هاوكاریەی لەحكومەتی وەردەگرێت لەگەڵ ئابونەی ئەندامانی ساڵانە دەگاتە یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار كە ئەمەش ئاشكرا و شەفاف نیە.
ڕاشیگەیاند: ڕەخنە ئەوە لەنەقیب گیرا ماوەی شەش مانگە ڕاپۆرت پێشكەش كراوە بۆ پێداچوونەوە بەئەندامێتی و ناردنی ناوەكان بۆ وەزارەتی دارایی و فەرمانبەران جیا بكاتەوە، بەڵام تائێستا ئەو كارە نەكراوە.
سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنوسی ئەوەشی خستەڕوو دوای ئەوەی سلێمانی كرایە پایتەختی رۆشنبیری سەرۆكی حكومەت و مەلا بەختیار ڕایانگەیاند پێویستە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان و جێگرەكەی بێنە سلێمانی، بەڵام نەقیبی سەندیكا نەك ئامادە نیە بێتە سلێمانی بەڵكو هەوڵ دەدات سەرجەمی لیژنەكان بباتە هەولێر و كارەكان لەسلێمانی بچوك بكاتەوە.