ئوسترالیا پەیامێکی نوێ بەکوردی لەبارەی پرسی پەنابەرانەوە بڵاودەکاتەوە

وەزیری کۆچی ئوسترالیا جارێکی تر و لەپاش دەستبەکاربوونەوەی لەهەمان پۆستدا لەپاش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەو ووڵاتە ، پەیامێکی ئاڕاستەی پەناخوازان و قاچاخچیەکانیش کرد.
لەو پەیامەدا کە وێنەیەکی بە ژێرنووسی کوردی بڵاوکراوەتەوە ، وەزیری کۆچی ئوسترالیا ڕایگەیاند سیاستە توندەکانی ووڵاتەکەی لە بەرامبەر پەناخوازان و کۆچبەرانی دەریایی قاچاخ بەردەوام دەبێت .
 
واتە ، هەر کەسێک بیەوێت بە قاچاخ و لەڕێگەی دەریاوە خۆی بگەیەنێتە ئوسترالیا ، ئەوا دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی ئەو ووڵاتە دەکرێتەوە کە بەبەلەمەکە لێوەی هاتووە ، ئەمەش ، وەک وەزیری کۆچی ئوسترالیا ئاماژەی بۆ دەکات ، لەچوارچێوەی یاساکانی پاراستنی سنوری ووڵاتەکەیان جێبەجێ دەکرێت.
لەڕابردووشدا و لەچوارچێوەی ڕاگەیەندراوە فەرمیەکانی ئەو ووڵاتەدا لەبارەی پرسی پەنابەرانەوە  ، چەندین جار لەپاڵ زمانەکانی تری وەک عەرەبی و فارسی وچەندین زمانی تردا ، وەزارەتی کۆچی ئوسترالیا بە زمانی کوردیش ڕاگەیەندراوەکانی بڵاو دەکاتەوە. هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەش بە زمانی کوردیش بەهۆی بوونی چەندین پەناخوازی کوردە لە کەمپەکانی ئەو ووڵاتەدا کە تائێستاش چارەنووسیان یەکلاینەبۆتەوە. 
سیاسەتی دەستگیرکردن و گێڕانەوەی پەناخوازانی دەریایی قاچاخ لەلایەن حکومەتی ئوسترالیاوە بۆتە جێگەی نیگەرانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی پەنابەران و بە پێشێلکاریەکی ئاشکرای مافی ئەوانی لەقەڵەم دەدەن.