ئەوروپا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەداتە عێراق

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بڕی ١٠٤ ملیۆن یۆرۆ بۆ بەھاناوەچوونی ئاوارەکان پێشکەشی عێراق دەکات.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا بەسەرۆکایەتی کریستوس ستیلانیدس، وەزیری رێگەپێدراوی ئەوروپا بۆ ھاوکاریی مرۆیی و ئیدارەی قەیرانەکان، جاسم محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “یەکێتی ئەوروپا بڕی ١٠٤ ملیۆن یۆرۆی بۆ بەھاناوەچوونی ئاوارەکان پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە”.
بەوتەی وەیزری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، یەکێتی ئەوروپا ئەو بڕە پارەیە لەڕێگەی نێردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوبەشەکانی بۆ ئاوارەکان خەرج دەکات.
جاسم محەمەد وتیشی “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی پشتگیری یەکێتی ئەوروپا بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیری کرد، سەرەڕای دۆسیەی پەنابەرانی عێراق لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و میکانیزمی ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا بۆ دۆزینەوەی چارەسەی گونجاو بۆ پەناخوازان”.
لەبەرامبەردا کریستوس رایگەیاند ” لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ ئاستەنگی زۆر گەورە رووبەڕووی حکومەتی عێراق و نێردەی یەکێتی ئەوروپا دەبنەوە لە پڕۆسەی بەھاناوەچوونی خێزانە ئاوارەکان، ئامادەیی نێردەی ئەوروپاشی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری پێویست بەھەماھەنگی لەگەڵ تیمەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە لەنێو خێوەتگەی ئاوارەکان لەوانە کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.”