کەمیی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمانی لە ئێران بەرۆکی کۆمەڵگای گرتوە

 
کەمیی قەرەوێڵە و ئیمکانانی دەرمانی لە نەخۆشخانەکانی ئێران کێشە و گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان درووست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی حکوومەت، حەسەن قازی‌زاده هاشمی، وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە: سەرەڕای پرتوکاویی نەخۆشخانەکان، کەمیی ئیمکانات وەکوو نەبوونی قەرەوێڵە بووەتە هۆی ئەوەی کە کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ هاووڵاتییان درووست بێت و هەنووکە نەخۆشخانەکانی ئێران ٩٠ هەزار قەرەوێڵەی بەستریان پێویسته.
قازی‌زاده هاشمی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ئێڕان مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ جەختی کردبووە کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئێران کۆنن و زیاتر لە ٥٠ ساڵه دامەزراون و باسی لەوە کرد کە دەوڵەت پارەی بۆ درووستکردنی نەخۆشخانە نیە و دەبێ سەرمایەگوزارانی دەرەکی بە هانای نەخۆشخانەکانی ئێرانەوە بێن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە هەنووکە ٩٠٠ نەخۆشخانە لە ئێران سەرقاڵی خزمەتگوزارین کە لە سەدا ٥٥%ی ئەو نەخۆشخانانە کۆن بوون.
ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ئێران لە کاتێک دایە کە بۆ هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێران ٥/١ قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لە بەشە دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتییەکان‌دا هەیە.
هەروەها نەخۆشخانەکانی ئێران ٨٠ هەزار پزیشکی پێویسته و لەو پێوەندییەدا شووڕای باڵای نیزامی پەرستاریی حکوومەت ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی باش نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان، لەگەڵ مەرگی شاراوە بەرەوڕوون.
کێشەی نەبوونی نەخۆشخانە و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران زەقترە و کێشەیەکی جیددیه بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ ناگرن.