هەرێم: لە هەفتەیەكدا زیاتر لە (39) ملیۆن دۆلار دراوەتە كۆمپانیایەک

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە ماوەی هەفتەیەكدا، زیاتر لە (39) ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە، لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەی تاوكێ‌ لە زاخۆ. 
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە بەناننامەیەكدا ئاشکراى کردوە؛ بڕی (24) ملیۆن و (280) هەزار دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە، وەك بەشی دوەمی ئەو پارەیەی كە لەم هەفتەیەدا پێیدراوە لە بەرامبەر هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ئایاری رابردو لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ. 
ئەوە دوای ئەوەدێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیەش، كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی توركی و دی ئێن ئۆ کە هاوبەشن لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ‌ بڕی (15) ملیۆن دۆلاری دیكەیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت، بەو پێیەش هەردو بڕە پارەكە، دەكاتە  (39) ملیۆن و (280) هەزار دۆلار، كە (32) ملیۆن و (950) هەزار دۆلاری بەهای شایستەی دارایی مانگانەیە و شەش ملیۆن و (340) هەزار دۆلاریشی پشكی شایستە دوا خراوەكانیەتی لە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتدا.
بەپێی بەیاننامەی كۆمپانیاكە؛ رێژەی مامناوەندی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ لە مانگی ئایاری رابردودا (117) هەزار و (757) بەرمیل نەوت بوە، لەو ڕێژەیەش (114) هەزار و (848) بەرمیلی هەناردە كردوە.