وەزارەتی بازرگانی عیراق: زەیت‌و شەكر‌و برنج، لەگەڵ بەشە ئاردی مانگانە ڕەوانەی سلێمانی دەکات

شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە هەفتەی داهاتوەوە بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان دەگاتە سلێمانی‌و دەست دەكرێت بەدابەشكردنی.
شەوكەت محەمەد راشیگەیاند، ئەو خۆراكانەی كە بڕیارە وەزارەتی بازرگانی عیراق ڕەوانەی سلێمانی بكات، بریتین لە زەیت‌و شەكر‌و برنج، لەگەڵ بەشە ئاردی مانگانە كە بەردەوام دراوەتە هاوڵاتیان.
تەئكیدیشی كردەوە، كە هەر كاتێك ئەو ماددە خۆراكیانە گەیشتە سلێمانی، دەست دەكەن بەدابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا قسەی كردوە‌و وتویانە تازە وەزیری بازرگانی دانراوە‌و گرێبەستەكان تازەكراوەنەتەوە، لە هەفتەی داهاتووشەوە بەشێك لە گرێبەستەكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە‌و دەست دەكرێت بە ناردنی خۆراك.
هەرچەندە لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە بەشە خۆراكی مانگانە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش نەكراوە، بەڵام پارێزگاكانی دیكەی عیراق تائێستا بەشە خۆراكی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015یان وەرگرتووە.