لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس بێکارن

 لە کاتی ئامادەکاری هاتنی حەسەن ڕووحانی بۆ کرماشان ئامارێکی نوێ لە بێکاری هاووڵاتییان بڵاوکرایەو و بە وتەی پارێزگاری کرماشان، ڕێژەی بێکاری لە کرماشاندا خۆی لە ١٨% دەدا و بەگشتیش زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس بێکارن.
هەروەها ئەسەدۆڵا ڕازانی لە دانیشتنی ” ئامادەکاری هاتنی سەرکۆمار بۆ پاریزگای کرماشان” باسی لەوە کردووە کە ساڵانە ٧٠٠٠ هەزار بێکار بە لەژمارەی بێکاران زیاد دەبێت.
لەو دانیشتنەدا لێپرسراوی “خانە کارگر”ـی کرماشان، دۆخی بێکاری لە پارێزگای بە “قەیراناوی” وەسف کرد و دەستبەکاربوونی تەنیا ٢٠ هەزار کەسی لە کەرتی  پیشەسازی بە “ژمارەیەکی مەترسیدار” لەقەڵەم دا.
عەلی بەیگی ئاشکرای کرد کە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، هەر بنەماڵەیەک بێکارێکی هەیە.
ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لەکاتێکدا ئەو ئامارە ڕادەگەینێ کە هەر بەپێی هەواڵدەریی تەسنیم، ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن پارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ناتەواوەکانی پارێزگای کرماشن پێویستە.
ڕووحانی لەدوای مانگی ڕەمەزان بۆ یەکەمجار سەردانی کرماشان دەکا و هەرلە ئێستا “٢٤ پڕۆژەی گرینگ” کە “چارەنووسسازن” دەخرێتە بەردەمی.
 
تەنگژەی بێکاری، ناوچەی ئازادی بازەرگانی لە قەسرشیرین، هێڵی ئاسنی ناوەڕاستی پارێزگا و گواستنەوەی ئاوی سیروان بۆ دەشتی ڕوانسەر و کێشەی پەراوێزنشینی شارەکان لە گرینگترینی ئەو داوایانەن کە دەخرێنە بەردەمی حەسەن ڕووحانی.