تورکیا بە بەهای 10 ملیارد دۆلار ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئێران دروستدەکات

محسن جەلال پور سەرۆکی ژوری پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، ژووری پیشەسازی ئیستەنبوڵ ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئێران دروست دەکات کە لە 140 یەکە پیکهاتووە و خەرجی دروستکردنی ئەو ناوچەیەش 10 ملیار دۆلارە.



جەلالپور ئاشکرایکرد کە 85%-ی کرێکاری ئەو ناوچە پیشەسازییە خەڵکی ئێران دەبن و 15%-ی دیکەش خەڵکی تورکیا، بڕیاریشە لە ناوەڕاستی نیوەی دەووەمی ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی ئەو ناوچەیە بکرێت.



لەلایەکی دیکەوە عەلی یەزدانی جێگری سەرۆکی ژوورە پیشەسازییەکانی ئێران رایگەیاند کە وڵاتانی بیانی وەبەرهێنان لە تورکیا ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوە یەکەم جارە کە وڵاتیکی بیانی ناوچەیەکی پیشەسازی تایبەت لە ئێران دروست دەکات.



یەزدانی ئاماژەی بەوەشکرد کە گفتووگۆکان لەگەڵ چین و روسیا بەردەوامە بۆ ئەوەی ناوچەیەکی پیشەسازی هاوشێوەی تورکیا لە ئێران دروست بکەن.