بۆچیی کوردستان ناتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت؟

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە مانگی ٢-٢٠١٥ دا بڵاوکرایەوە، دۆنیی ماکدۆناڵدی سەرۆکی کۆمپانیای زەبەلاحی شیڤرۆن کە لە عێراقدا کار دەکەن، دەستی کرد بە پیاهەڵدانی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان لە باکوری عێراقدا. ماکدۆناڵد چەند وشەیەکی بەهێزی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان وتی: “هەرێمی کوردستان هەتاوەکو ئێستا بە باشیی نەپشکنراوە و ئێمە پێمانوایە ئەم هەرێمە دەتوانێت ببێت بە یاریکەرێکی سەرەکیی لە پیشەسازیی نەوتدا”. بە هاتنی مانگی 2-2015، دەوڵەتی ئیسلامیی/ داعش چواردە پەلاماری بە ئاڕاستەی شاری کەرکوکدا ئەنجام دابو، کەرکوک یەکێکە لە ناوچە بنەڕەتییەکانی بەرهەم هێنانی نەوت لە باکوری عێراقدا. لە ساڵی ٢٠١٦ دا، رەنگە ئەو حەوت سەد میلەی کە دەکەوێتە نێوان کەرکوک و شەنگالەوە و لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەرگریی لێدەکرێت تا رادەیەک سەقامگیر بوبێت، بەڵام کێشەی نەوت بە بەردەوامیی ئاڵۆزیی تێدەکەوێت. هاوشانی ئەو ناڕەزاییانەی سەقامگیریی حکومەتی ناوەندی عێراقی خستۆتە بەر مەترسیی و خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی، مافی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت بوە بە چەقی کێشەی سیاسیی و قەیرانیی ئابوریی.
روماڵی ئەم دواییانەی راگەیاندنەکان لە هەمبەر گەشەپێدانی سێکتەری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا وێنەیەکی ئاڵۆزمان بۆ وێنا دەکەن. بابەتێکی رۆژنامەی هۆڵ ستریت جۆڕناڵ رایدەگەیەنێت کە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت روبەڕوی “گرفت” بونەتەوە، هەرچەندە ئەو بابەتەی رۆژنامەکە ئاماژە بە بەرزبونەوەی رێژەی دەرهێنانی نەوت دەکات لە دو سەد هەزار بەرمیلەوە بۆ چوار سەد هەزار بەرمیل لە یەک رۆژدا لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥. بەپێی چەند راپۆرتێک، ئەو بۆرییەی نەوت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە لە مانگی ٣-٢٠١٦ دا داخرا و هەناردەکردنی شەش سەد هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا راگرت.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە هەرێمی کوردستان بوم، ژێرخانی ئابوریی نەوت خاڵێکی جەوهەری پێشکەوتن بو لەو ناوچەیەدا. لەگەڵ هەبونی سەدان هەزار چەکدار بۆ شەڕ کردن دژ بە داعش و نزیکەی دو ملیۆن ئاوارە کە زۆرینەیان عەرەب بون و هەروەها ئاوارەی نێوخۆیی و ئێزیدییەکانیش کە لە ژێر دەستی داعش هەڵات بون، بەڵام کێشە سەرەکییەکە بریتیی بو لە جەنگەکەی دژ بە داعش. لە ئەم نێوەندەدا، هەناردەکردنی نەوت و پەرەسەندنی ژێرخان لە شاری کەرکوک و شارەکانی تری باکوری عێراقدا لە بەردەوامییدا بون. بەڵام هەڵکشانی قەیرانی دارایی کاریگەریی لە سەر ئابوریی نێوخۆیی و موچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی هەبو. سەرچاوەیەکی باڵا لە نێو پارتیی دیموکراتیی کوردستانەوە رایگەیاند کە کێشەکان لە مانگی ٢-٢٠١٤ وە دەست پێ کردوە، ئەو کاتەی کە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بڕیاری بڕینی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد. ئەو سەرچاوەیە وتی: “کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە دانبنێت بە قارەمانیی و ئازایەتیی کورد بەرامبەر بە داعش و رزگار کردنی شەنگال”. شەنگال هاوسنورە لەگەڵ سوریا و ئەو شوێنەیە کە ئێزیدییەکان تیایدا دەژین. “سەرەڕای ئەوەی گۆڕانکارییە مەزنەکان و بازاڕی نێودەوڵەتییش کە بە زۆری بە روی نەوتدا داخراوە، کەچیی ئێمە هەر دژ بە داعش دەجەنگین”.
هەمو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆکن سەبارەت بەوەی کە حکومەتی عێراقی پشکی بودجەی هەرێم لە داهاتی نەوت دابین بکات و هەروەها ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە سیاسەتی سەرانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان بەجێی دەهێڵن. بەپێی مادەی ١١١ دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، “نەوت و گاز لەلایەن هەمو خەڵکی عێراقەوە خاوەندارێتی دەکرێت لە هەمو ناوچەکان و پارێزگاکاندا.” بەپێی مادەی ١١٢ دەستوری عێراقی، داهاتی نەوت مەزەندە دەکرا “بە رێژەیەکی دادپەروەرانە” بەسەر دانیشتوانی ناوچەکاندا دابەش بکرێت. کاربەدەستانی کورد جەخت دەکەنەوە کە هەر گێڵگەیەکی نەوت گەشەی پێبدرێت دەبێت لەژێر لێپرسراوێتیی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بێت کە گێڵگەکەی تێدایە. بەڵام هەندێک لە کۆمپانیاکان وەک کۆمپانیای شێڤرۆن کە هەندێک گرێبەستی نەوتی ئیمزا کرد بە ئامانجی پەرەپێدانی کوردستان، بەڵام لەلایەن حکومەتی بەغداوە روبەڕوی کاردانەوە بویەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندا بو لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی دابین کردنی پێنج سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لە بەرامبەریشدا بەغدا پشکی لە سەدا حەڤدەی بودجە لە بودجەی عێراق بۆ هەرێم دابین بکات کە مافی خۆیەتی. ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن و پێنج سەد هەزارە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، دو ملیۆن ئاوارە و ئاوارەی نێوخۆیی ئەوەمان پێدەڵێت کە زیاد لە سەدا حەڤدە بودجە پێویستە بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی چاودێری ئەو ژمارە زیادەیەی ئاوارە/ دانیشتوان.
لە لێدوانێکیدا سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە لە سەدا نەوەد و حەوتی بودجەی عێراق لە داهاتی نەوتەوە بە دەست دێت. بە هەمان شێوەش بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە خەستی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و نزیکە لە لە سەدا نەوەد و پێنجەوە. بە هۆی شەڕ و هەڵپەساردنی بودجەوە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوە بە دوای شوێنی تردا بگەڕێت بۆ وەرچەرخاندنی بوارە داراییەکەی. دزەیی دەڵێت: “لە دۆخی ئاساییدا داهاتی نەوت بەکاردەهێنین بۆ بەشداری کردن لە بواری گەشەدان بە ئابوریی و گرنگییش بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریی و پێشەسازیی سوک دەدەین و بە تەواوی پشت بە نەوت نابەستین”.
هەر کە کاربەدەستانی بەغدا رەزامەند نەبون بە هەناردەکردنی لە سەدا حەڤدەی بودجە بۆ هەرێم لە پشکی بودجەی نیشتیمانیی، کاربەدەستانی هەرێم ناچار بون بە دۆزینەوەی رێگایەک بۆ هەناردە کردنی نەوتی خۆیان. دزەیی دەڵێت: “هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە نەوتی خۆی بفرۆشێت و ئەمە مافێکی یاسایی و دەستورییە بە تایبەت لە کاتێکدا کە سەرانی بەغداد نکۆڵی دەکەن لە دابین کردنی مافەکانمان لە بودجەی نیشتیمانییدا”. بە (شەهید بون) ١٥٠٠ پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعشدا و بریندار بونی هەشت هەزار پێشمەرگەی تر و جێگیر بونی یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا، دزەیی دەڵێت ”پێویستە هەمو رێگایەک بگرینەبەر بۆ دەست کەوتنی داهات. ئێمە بەو ئاڕاستەیەدا بەردەوام دەبین بەڵام ئەگەر بەغدا بیەوێت رێکەوتنێک بکەین، ئێمە ئامادە دەبین”.
کێشەکە بە هۆی هەبونی فاکتەری ترەوە ئاڵۆز بوە. پەلاماری داعش بە ئاڕاستەی شاری کەرکوکدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بچێت بە هانای شارەکەوە و بەرگری لێ بکات لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی هەرێم بە تەواوی پارێزگای کەرکوکیان جڵەوگیر کرد. کەرکوک بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر دادەنرێت لە نێوان کاربەدەستانی بەغداد و حکومەتی هەرێمدا. ئەو کێشەیە کێڵگە نەوتییەکانیش دەگرێتەوە. لە مانگی ١-٢٠١٥ دا، سەرانی کورد و حکومەتی ناوەندی وا دەردەکەوت گەیشتبێتنە رێککەوتنێک بە جۆرێک سێ سەد هەزار بەرمیل نەوت لە گێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و دو سەد و پەنچا هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچە کوردییەکانی ترەوە لە رێگەی بەغدادەوە بفرۆشرێت و لە بەرامبەریشدا بەغداد لە سەدا حەڤدەی بودجەکە بدات بە حکومەتی هەرێم. لە مانگی ٢-٢٠١٦ دا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند پشتگیری لە رێککەوتنێکی نوێ دەکات هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥، بەڵام حکومەتی عێراقیی بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە خۆی دوچاری گرفت بویەوە بە تایبەت لەو کاتەی کە نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە سیی دۆلار. بودجەی نیشتیمانیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥ ناچار بو لە سەد و پەنچاو یەک ملیارە دۆلارەوە بۆ سەد و پێنج ملیار کەم بکات بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. رەشنوسی بودجەی ساڵی ٢٠١٦ لە مانگی ١٢-٢٠١٥ دا پەسەند کرا و بڕەکەی هەشتا و نۆ ملیار دۆلار بو، ئەو بودجەیە لە هەناردەکردنی سێ ملیۆن و شەش سەد هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و پێنج سەد و پەنچا هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە یەک رۆژدا بە دەست دێت.
هەندێک لە سەرچاوە میدیاییەکان سەرهەڵدانی داعش و دابەزینی نرخی نەوت بە “رەشەبای بەهێز” دادەنێن کە بۆ لێدان لە عێراقێکی لاواز بو. لە ٣٠-٤-٢٠١٦ دا، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر کە زۆرینەیان وەلائیان بۆ موقتەدا سەدر هەیە چونە نێو گۆڕەپانی ناوچەی سەوز لە شاری بەغدا و بۆ ماوەیەکی کاتی پەرلەمانیان داگیر کرد. ئەم پشێوییە هاوکار نابێت بۆ رێککەوتنێکی سەرکەوتو لە نێوان حکەموتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەم پشێوییە ناسەقامگیریی حکومەتی ناوەندی پیشان دەدات و ئەو دیدگایەش پشت راست دەکاتەوە هەرێمی کوردستان کە حکومەتێکی سەقامگیری هەیە پێویستە خۆی سەرچاوەکانی وزە بەڕێوە ببات. لە مانگی ٥-٢٠١٦ دا، روداو لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردبو وەفدێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوتوە بە وەزیری نەوتی ئێران بە مەبەستی رەوانە کردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی ئێرانەوە. لە دەرەنجامی ئەو رێککەوتنەی کە ئێران لەگەڵ سەرانی رۆژئاوادا ئەنجامیدا، ئێران رەنگە ببێت بە دەرچەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگیی ئابوریی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. بەڵام دەرچەی سەرەکیی بە نیسبەت حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رەوانە کردنی نەوتەکەی هەر تورکیا دەبێت.
لەگەڵ هەبونی دەیان کۆمپانیای نەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵی کاری بازرگانیین، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بەرژەوەندییان لە سەرکەوتنی ئەزمونی هەرێمی کوردستاندا هەیە. سەرباری ئەوەش، هەندێک لە خاوەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە نمونەی ئەو خاوەن کۆمپانیایانە ‘تۆنیی هایوەرد’ کە هێشتا گەشبینە بە گەشەی کەرتی نەوتی هەرێم. هەر بەم دواییانەش، ئەمەریکا بڕی چوار سەدو پانزە ملیۆن دۆلاری پەسەند کرد لە پەیوەست بە پەلامار بۆ سەر شاری موسڵ، بە ئەو بڕە پارەیە چاوەڕێ دەکرێت باڵانسی بودجەی پێشمەرگە و کەموکورتییەکانی چارەسەر بکرێت. سەرچاوەیەکی ئەمەریکیی دەڵێت رەنگە پاڵپشتییە مادییەکە بگاتە بڕی نۆ سەد ملیۆن دۆلاری ئەمەریکیی بۆ ساڵی ٢٠١٦ و لە کۆنگرێسی ئەمەریکاشەوە پاڵپشتیی هەیە بۆ راستەوخۆ پێشکەش کردنی هاوکاری سەربازیی بۆ پێشمەرگە بەبێ گەڕانەوە بۆ کاربەدەستانی بەغدا. قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستیی مانگی ٤-٢٠١٦ دا لە سەنتەری هودرو ویڵسۆن لە واشینتۆن جەختی کردەوە لەهەمبەر پێداویستیی زیاتر. تاڵەبانیی رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی سەد ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کورتهێنانی لە بودجەدا هەیە.
دزەیی سورە کە ئەمەریکا و بەریتانیا دەتوانن رۆڵێکی ئەرێی لە هاندانی سەرانی بەغداد دا بگێڕن بە مەبەستی رێککەوتن لەگەڵ هەرێم. لە کۆتاییشدا، کێشە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە دەبێت یارمەتی کێشەی دارایی حکومەتی هەرێم بدرێت وەک هاوبەشێکی بنەڕەتیی لە شەڕی دژ بە داعشدا و شان بدرێتە بەر لێپرسراوێتیی لێشاوی ئەو کۆچەی کە روی لە ناوچە کوردییەکان کردوە. هێڵی بۆری نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە ئێستادا لە کاردایە، بەڵام گەرەنتیی نییە و حکومەتی هەرێمیش پێویستیی بە پاڵپشتیی دارایی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هەروەک چۆن لە مەیدانی جەنگدا دژ بە داعش ئامادەیە بە باشیی لە نێوخۆیی هەرێمیشدا کارەکانی راپەڕێنێت.