هەناردەکردنی نەوتی ئۆپیک لە نێوان دوو ولاتی ڕكابه‌ردا

 بەمەبەستی یەکخستنی جیاوازییەکانی نێوان ئەندامانی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت(ئۆپیک) سعودیە بەنیازە پێشنیار بۆ رێککەوتنێکی گرنگ پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام لەرێکخراوەکە بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئۆپیک لە نەمسا کۆدەبێتەوە.
سعودیەو ھاوپەیمانەکانی کاربۆئەوە دەکەن بڕی ھەناردەکردنی نەوت لەرێکخراوی ئۆپیک بەھەماھەنگیی تەواوی ئەندامانی رێکخراوەکە سنوردار بکرێت، ئێرانیش بەتوندی دژی ئەوەیەو رەتیدەکاتەوە.
ماڵپەی بلومبێرگ-ی ئەمریکی  لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرسەکەوە بڵاویکردووەتەوە، کە وەفدەکەی سعودیە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا سەرقاڵی تاوتوێکردن‌و ئامادەکردنی پێشنیاری رێککەوتنێکی تایبەتن، کە مەبەست لێی نەھێشتنی ئەو دابەشبوونەی وڵاتانی ئەندامە لە ئۆپیک.
سەرچاوەکانی بلومبێرگ ئاماژەیان بەوەکردووە کە ھێشتا ھیچ پڕۆپۆزەڵێکی فەرمیی لەوبارەیەوە پێشکەش نەکراوە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئۆپیک بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز ی راگەیاندووە، کە “ئەنجومەنی ھەماھەنگیی کەنداو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بە دوای ھەنگاوێکی ھاوبەشی تەواوی ئەندامانی رێکخراوەکەدا دەگەڕێت”.
مەبەست لە ئەنجومەنی ھەماھەنگیی کەنداو، شانشینی سعودیەو ھاوپەیمانانی کەنداوە، کە پێکدێن لە قەتەر، کوەیت‌و ئیمارات.
ھەرچەندە ئۆپیک ھیچ سنورێکی بۆ ھەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی ئەندام دیارینەکردووەو ھیچ پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەی بڕی ھەناردەکراوی رۆژانە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پێشکەشنەکراوە، بەڵام ئەمریتا سێن، بەڕێوەبەری شیکەرەوەی نەوت لە کۆمپانیای (Energy Aspects)   بۆ راوێژکاری وزە دەڵێت: لەئێستادا پرسی سنوردارکردنی نەوتی ھەناردەکراوی رۆژانەی تەواوی ئەندامانی ئۆپیک لە ٣٢ ملیۆن بەرمیلدا لەژێر تاوتوێدایە لەکاتێکدا مانگی نیسانی رابردوو لەوبڕە زیاتر ھەناردەکراوە.
ھەرلەسەر ھەمان پرس وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، کە وڵاتەکەی پابەند نابێت بە سنوردارکردنی بڕی ھەناردەکردنی نەوتی رۆژانەو تەواوی ئەو پێشنیارانە رەتدەکاتەوە لەوبارەیەوە.
ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی لە زاری بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران و لە سەروبەندی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئۆپیکدا بڵاویکردووەتەوە، سنوردارکردنی بڕی نەوتی ھەناردەکراوی رۆژانە “ھیچ سودێکی نابێت” بۆ ئێران‌و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێکخراوەکەدا.
راستەوخۆ دوای گەیشتنی بە ڤییەنای پایتەختی سویسرا، وەزیری نەوتی ئێران وتی”یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکان، دیاریکردنی سنوری ھەناردەکردنی وڵاتانی ئەندامە، بەڵام پێموانییە بتوانین لەم کۆبوونەوەیەدا بگەینە ئەنجام”.
یەکێکی تر لەو پرسانەی ئەمڕۆ وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت تاووتوێی دەکەن، ھەڵبژاردنی سکرتێرێکی نوێیە بۆ رێکخراوەکە تاشوێنی عەبدوڵا ئەلبەدری لیبیی بگرێتەوە، لەناو کاندیدەکاندا عەلی رۆدریگز ئاراکی ڤەنزوێلی، محەمەد بەرکیندۆی نەیجیریی‌و ماھیندرا سیریگاری ئەندەنوسیی ھەن.
زەنگەنە جەختیشی کردەوە لەوەی، کە گرنگترین پرسی کۆبوونەکەی ئەمڕۆ بریتی دەبێت لەھەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی نوێی ئۆپیک.