حکوومەتی هەرێم شەش ملیۆن دۆلاری دایە کۆمپانیایەکی بەریتانی

کۆمپانیای بەریتانی گۆڵف کێیستۆن بڵاوی کردەوە کە شەش ملیۆن دۆلاری  لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بری بەرهەمهێنانی نەوت وەرگرتووە.
بەگوتەی کۆمپانیاکە ئەو بڕە پارەیە لە بری دەرهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە کێڵگەی نەوتی شێخان بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ وەرگرتووە. 
 هەروەک کۆمپانیاکە ئاماژەی پێکرد ئەو بڕە پارەیەی وەریگرتووە هەموو حەقدەستەکەی نییە و بەشێکە لەو حەقدەستەی کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەستی بکات.کۆمپانیای گۆڵف کێیستۆن دوێنێ هەینی پشکەکانی ٢.٤% دابەزین. 
کۆمپانیای بەریتانی گۆڵف کێیستۆن پێترۆڵیۆم یەکێک لە کۆمپانیا گرینگەکانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان.
لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٥ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مانگانە بڕێک لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەو کۆمپانیایانە بدات کە لە کوردستان نەوت بەرهەم دێنن، لەو کاتەدا بڕیارەکەی حکوومەت دوای ئەوە دەرکرا کە هەندێک لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت بەهۆی دواکەوتنی دەستحەقی کارەکانیان، بڕی بەرهەمهێنانیان دابەزاند و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان کرد ناتوانن لە کارکردن بەردەوام بن ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە مافەکانیان پێنەدات. لەوکاتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ٧٥ ملیۆن دۆلاری بە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت داوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە تەنیا حەقدەستی گۆڵف کێیستۆن پێترۆڵیۆم نادات بەڵکوو ژمارەیەکی تری کۆمپانیای بواری دەرهێنانی نەوت لە کوردستان کار دەکەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ هەر کامێکیان حەقدەستی جیاواز دەدات.
ژمارەی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ئێستە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت هەشت کێڵگە دەبن کە خورمەڵە لە گەورەترینیان و لەدوای ئەویش هەر یەک لە کێڵگەکانی تاوکێ و تەقتەق و شێخان دێن.