حکومەتی ھەرێم بۆ گۆڕینەوەی داھاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار چەند رێگەیەک دەگیرێتەبەر

بەپێی فەرمانی ژمارە ١٧٠١ی  سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران  کە لە مانگی ڕابردوودا دەرچووە و ئاماژە بەوەکراوە کە  رێنماییەک دەردەکرێت بۆ چۆنیەتی گۆڕینەوەی داھاتی نەوت لە دراوی بیانیەوە بۆ دراوی عێراقی بۆ ئەوەی شەفافیەت لەو بابەتەدا ھەبێت.
بەپێی  فەرمانەکە بۆ گۆڕینەوەی  پارەی داھاتی نەوت لە دۆلار بۆ دینارھەلی  یەکسان بۆ گشت  بانکە مۆڵەتدراوەکانی ھەرێمی کوردستان دەرەخسێندرێت بەو مەرجەی متمانە پێکراو و یاسایی بن.
بۆ گۆڕینەوەی  دۆلار بۆ دیناری عێراقی لە نێوان بانکەکان  بنەمای  کێبرکێی  پیادە  دەکرێت ئەویش بۆ دەستخستنی دیناری عێراقی  بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گونجاوترین کرێ  گۆڕینەوە، ھەروەکو ھاتووە: نابێت بوار بە قۆرخکاری بدرێت کە تەنھا بانکێک ئەم  پرۆسەیە ئەنجام بدات, ئەوە لە فەرمانکەی ئەنجومەنی وەزیراندا نوسراوە.
ناوەرۆکی فەرمانکە ئەوەشی تێدا خراوەتەڕوو بنەمای  زیادکردنی ئاشکرا لە فرۆشتن و گۆڕینەوەی دراوی  بیانی بۆ عێراقی پیادە  دەکرێت و ئەو بانکەشی  لە کێبرکێ پرۆسەکە  دەباتەوە دەبێت لە ماوەی ٣ رۆژدا پارەی داھاتی نەوت لە دۆلار بکاتە دینار و بدرێتەوە حکوومەت.
بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە ژێر چاودێری بێت لەو فەرمانەدا ئەوەش زیادکراوە کە دامەزراوەکانی چاودێریی و  وردبینی لە ھەرێمی کوردستان چاودێری پرۆسەی ئاڵوگۆڕی  دراوی  داھاتی گشتی ھەرێمی کوردستان لە دۆلار بۆ دینار دەبن.
 لە ئێستادا لیژنەیەک کە  پێکھاتووە لە نوێنەرێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و لقی بانکی ناوەندی لە ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و و نوێنەرێکیش لە  دیوانی چاودێریی  دارایی خەریکی نوسینەوەی رێنماییەکانن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە.