هێڵی هەژاری لە تاران ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە

 
لە حاڵێکدا کە گەورەبەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران باس لە گەشەی ئابوریی لە داهاتوویەکی نیزیکدا دەکەن شارەزایانی ئابوریی پێیان وایە ئەمجۆرە قسانە کۆمەڵێک قسەی بێ نێوەڕۆکن.
غوڵام ڕەزا کیامێهر، ئابوریناس لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “جوان” ڕایگەیاندووە: بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای ئێران و گرانی نرخی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان لە تاران، بنەماڵەیەک کە لە مانگدا کەمتر لە ٣.٥ میلیۆن تمەن داهاتی هەبێ دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
هاوکات لەگەڵ وتەکانی ناوبراو، سەرۆکی یەکێتی کرێکارە پەیمانییەکانی ئێران، فەتحوڵا بەیات، ڕایگەیاندووە بەپێچەوانەی داتاکانی ناوەندی ئامار کە باس لە 1 میلیۆن و ٨٢٠ هەزار تمەن تێچووی مانگانەی خانەوادەیەکی شارنشین دەکات، ئاستی تێچووی مانگانەی خانەوادەیەکی کرێکاری لە ئێراندا گەیشتۆتە 3 میلیۆن تمەن.
پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنە سینفییە کرێکارییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە کەلێنی تێچوو و داهاتیی خانەوادە کرێکارییەکان قوڵتر بۆتەوە و ٨٠%ی کرێکارانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ڕۆژنامەکانی ئێران دۆخی شپرزی ئابوریی ئێرانیان بە “مرگ مغزی” شوبهاندووە کە تێیدا دەرەتانی کارکردن و سەرمایەدانان بوونی نییە و لەبەرامبەریشدا وەک “حسەین ڕاغفەر” دەڵێ: ئابوریی ئێران تووشی کۆمەڵێک بەلاڕیداچوونی بناغەیی بۆتەوە و ئەم کەمایەسییە پێکهاتەییانە وای کردووە ئابوریی ئێران نەتوانێ خۆی لەگەڵ پێوەرەکانی ئێستای دنیای ئابوریی بگونجێنێ و ڕێفۆرم لە خۆیدا پێک بێنێ.