داهاتی نەوتی كوردستان لە چوار مانگی رابردوودا

بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە 1/1/2016 تاوەكو 30/4/2016 ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان لە رێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان- توركیاوە گەیشتووەتە 54 ملیۆن و 224 هەزار و 104 بەرمیل، كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستانیش ملیارێك و 887 ملیۆن و 551 هەزار و 511 دۆلار بووە.



زۆرترین ئاستی هەناردەی نەوت لە مانگی كانوونی دووەم تۆماركراوە كە بڕەكەی 18 ملیۆن و 656 هەزار و 131 بەرمیل نەوت بووە، كەمترین ئاستی هەناردەی نەوتیش لە مانگی ئادار بووە كە بڕەكەی 10 ملیۆن و 148هەزار و 487 بەرمیل بووە.



ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە لەمانگی كانوونی دووەم زۆرترین بووە كە رۆژانە بەتێكرایی گەیشتووەتە 601 هەزار و 811 بەرمیل نەوت، بەڵام كەمترینی لە مانگی ئادار بووە كە تێكرای رۆژانە 327 هەزار و 371 بەرمیل نەوت بووە



لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 26 رۆژ و 7 كاژێر لە رێگەی بۆرییەوە تووشی گرفت بووە. زۆرترین ماوەی راوەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی شوبات بووە كە 13 رۆژ بووە، بەڵام مانگی نیسان باشترین مانگ بووە بۆ هەناردەی نەوت، چونكە تەنیا بۆ ماوەی 7ی كاژێر هەناردەی نەوت راگیراوە.



لە روونكردنەوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێشتر ئاماژە بەوەكراوە كە هێرشی گروپە جیاوازەكان بۆ سەر بۆرییەكان لە نێو خاكی توركیادا و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی مانگەكانی رابردوو لە باكووری كوردستان لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا هۆكاری وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە.



راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی مانگەكان بەو جۆرە بووە: مانگی كانوونی دووەم: یەك رۆژ. مانگی شوبات: 13 رۆژ، مانگی ئادار: 12 رۆژ و مامگی نیسانیش 7 كاژێر.



رۆژانە لە بەندەری جەیهانی توركی كەشتییە بارهەڵگرەكان نەوتی بەندەرەكە بۆ بازارەكانی جیهان دەگوازنەوە، نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لەناو بەندەرەكە كە عەمبار دەكرێت رۆژانە بە رێگەی كەشتییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بازاری جیهانی، لە ماوەی چوار مانگی رابردوو 61 باری نەوتی كوردستان لە بەندەرەكەوە گواستراوەتەوە بۆ بازاری جیهانی نەوت كە بەم شێوەیە بووە: كانوونی دووەم: 21 بار. شوبات: 13 بار، ئادار: 10 بار و نیسان: 17 بار.



بەپشت بەستن بەژمارە و داتاكانی پەیوەندار بە هەناردەی نەوت لە مانگی كانوونی دووەم، هەناردەی نەوت لە مانگی شوبات  بە رێژەی 48% كەم بووەتەوە، بەڵام لە مانگی ئادار ئاستەكە بۆ 46% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لەمانگی نیسان هەناردەی نەوت نزیكبووەتەوە لە ئاساییبوونەوە و كەمبوونەوەی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 15%، واتە بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت لە مانگی نیسان لە چاو مانگی ئادار بەرێژەی 31% بووە.



لە مانگی نیسان ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان بڕەكەی 15 ملیۆن و 267 هەزار و 542 بەرمیل بووە،  واتە تێكرا رۆژانە 511.888 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لە مانگی نیساندا هەناردەی نەوت 16 ملیۆن و 878 هەزار و 985 بەرمیل بووە، واتە تێكڕا 562,633  بەرمیلی رۆژانە لە رێی هێڵی بۆری كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان كراوە. بەو پییە دەردەكەوێ لە مانگی رابردوو هەناردەی نەوت لە چاو مانگی نیسانی ساڵی رابردوو كەمبوونەوەی بەخۆییەوە بینیوە بە ئەندازەی 50 هەزار و 745 بەرمیل نەوتی رۆژانە.



لە ساڵانی رابردوو بڵاونەكردنەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێو راپۆرتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەكەموكورتییەكانی راپۆرتەكە ئەژماردەكرا، بەڵام لە چوار مانگی رابردوودا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت، داهاتی نەوتی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە.



زۆرترین داهاتی بەدەستهاتوو لە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی كانوونی یەكەم بووە كە بڕەكەی 650 ملیۆن دۆلار بووە، ئەویش لەبەرئەوە بووە كە زۆرترین نەوت لەو مانگەدا هەناردەكراوە، بەڵام كەمترین داهاتی نەوت لە مانگی شوبات بووە كە بڕەكەی 303 ملیۆن و 943 هەزار و 433 دۆلار بووە. 

كۆی گشتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو 54 ملیۆن و 224 هەزار و 104 بەرمیل نەوت بووە، كۆی گشتی داهاتەكەشی لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ملیارێك و 887 ملیۆن و 551هەزار و 511دۆلار بووە.



تیبینی: لە مانگی سێ‌ 135.000.000 ملیۆن دۆلار قەرزی پیشترە گەرێنراوەتەوە بۆ هەرێم



بەپێی راگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی مانگی ئەیلولی ساڵی 2015 بەدواوە دەستی كردووە بەتەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی كە راستەوخۆ  دەیفرۆشێ بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەم دەهێنن.


لەماوەی چوار مانگی رابردوو كۆمپانیا نیودەوڵەتییەكان لە چوارچێوەی دابینكردنی شایستە داراییەكانیان لە پای دەرهێنانی نەوت، بڕی 240 ملیۆن و 843 هەزارو 511 دۆلاریان لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە. زۆرترین شایستەی داراییان لە مانگی كانوونی دووەم وەرگرتووە كە بڕەكەی 75ملیۆن دۆلار بووە و و كەمترینیش لە مانگی ئادار بووە كە 36 ملیۆن دۆلار بووە. لە مانگی شوباتدا زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار، لە نیساندا زیاتر لە 58 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.