نرخی نەوتی خاو لە مانگی نیساندا بەرێژەی ٢٠% بەرزبۆتەوە

نرخی نەوتی خاو لە مانگی نیساندا بەرێژەی ٢٠% بەرزبۆتەوەو لە دەوروبەری ٥٠ دۆلار مامەڵەی پێوە کراوە.
 
بەھۆی داشکانی بەھای دۆلارو کەمبوونەوەی بەرھەمی نەوتی ئەمریکاو پەککەوتنی کەرتی نەوتی بەردینی کەنەدا بەھۆی سوتانی دارستانەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنتی پێوانەیی ئەوروپا لەکۆتا رۆژەکانی مانگی نیساندا گەیشتە سەروو ٤٨ دۆلار، ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی سووکی ئەمریکا لە سەرووی ٤٦ مامەڵەی پێوە کراوە.
 
سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت شکستیان ھێنا لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرھەمھێنان، نرخی نەوتی خاو لە مانگی کانونی دووەمەوە بەرێژەی ٦٤% بەرزبۆتەوەو لە خوار ٣٠ دۆلارەوە بۆ دەوروبەری ٥٠ دۆلار بەرزبۆتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لەمانگی نیساندا ھاوکاتە لە گەڵ راگەیاندنێکی ئیدارەی وزەی ئەمریکا سەبارەت بەکەمبوونەوەی بەرھەمی نەوتی ئەمریکا لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ـەوە بەرێژەی ٤١٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.