دابەزینی نرخی نەوت 59 کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی مایەپووچکرد

دابەزینی نرخی نەوت لە 21-ی مانگی رابردوودا شەپۆلێکی مایەپووچبوونی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانی لێکەوتووەتەوە کە بەیەکێک لە گەورەترین رووداوەکانی لەوچەشنە لە مێژووی ئەمریکا ناوزەد دەکرێت.



ئەم هەفتەیە دوای ئاشکرابوونی داتاکانی پەیوەست بۆ تۆماری مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان، دەرکەوتووە 59 کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی بەڵگەنامەکانیان رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی کردووە سەبارەت بە مایەپوچبوونیان.



ژمارەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە کە مایەپووچبوون نزیکدەبێتەوە لە ژمارەی کۆمپانیا مایەپووچبووەکانی بواری گەیاندن کە لەساڵی 2002 و 2003 هەرەسیان هێنا.



چارڵز گیبس، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری “ئاکین گامپ” لە تەکساس ، دەڵێت هێشتا ژمارەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە مایەپووچبوون نەگەیشتووەتە نیوە و بەڕای ئەو شرۆڤەکارە دەکرێت ژمارەیان لە دووهێندەی ئێستا بەرزتربێتەوە.



هەندێ لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەمریکا بەهیوای ئەوەی کە نرخی نەوت بەرزبێتەوە هێشتا مایەپووچبوونی خۆیان رانەگەیاندووە.



تا ئەم دوایانە بانکەکان ئامادەبوون قەرز بدەنە کۆمپانیا نەوتییەکان، بەڵام ئێستا بانکەکان هیچ مەیلێکیان بۆ پارەدارکردنی پرۆژە نەوتییەکان نەماوە.



بەپێی شرۆڤەکاران، بازنەی بەرزبوونەوە و داڕمانی کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن وەک یەکە. لەکاتی داڕمانی کەرتی گەیاندن لە 2002 کۆمپانیاکانی ئەو بوارە چوونە ژێر قەرزێکی بانکی زۆر بەمەبەستی قازانجکردن، بەڵام لەناکاوە بەهۆی زیادبوونی خزمەتگوزارییەکان ، نرخەکان دابەزین و 68 کۆمپانیای گەیاندن مایەپووچبوون. 



هەرچەندە قەبارەی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت لەم کاتەدا و ئەوی کۆمپانیاکانی گەیاندن لە 2002 بەراورد بە داڕمانی کەرتی دارایی و بانکەکان لە 2008 هێشتا بچووکە، بەڵام زیانی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە لە ئەمریکا لە دوو ساڵی رابردوودا خەریکە ژمارەی مایەپووچبوونەکان بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.