ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەمەرزی پەروێزخان وەستا

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی گەرمیان ئاشكرایدەكات بەهۆی نەمانی پسوڵەی گومرگەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان وەستاوە.

حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان, ڕایگەیاند “لە دوێنێوە بەهۆی ئەوەی پسوڵە(وەسڵ)ی گومرگیمان نەماوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان وەستاوە و نزیكەی 400ئۆتۆمبێل چاوەڕێی ئەوەن گومرگ بكرێن”.

بەڕێوەبەری گومرگ وتیشی “ئێمە چەندین جار نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی سلێمانی كردوە بۆئەوەی كە پسوڵەی گومرگیمان بۆ بنێرن چونكە هەم حكومەت و هەم بازرگان و هاووڵاتیش زیانی زۆریان پێدەگات”.

حسێن ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو “ئەمڕۆ بە هاوكاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان فەرمانبەرەكانمان ناردووە بۆ سلێمانی بۆئەوەی پسوڵەی گومرگی بهێنن و پێشبینی دەكەین لە پاش نیوەڕۆوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەست پێبكاتەوە.”

مەرزی پەروێزخان گرفتی زۆری هەیە و بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیانیش كە كاروباری سەرەكیان لە مەرزی پەروێزخاندایە ئەو پارەیەی بۆیان دیاریكراوە بۆ خەرجییەكانیان زۆر كەمە بەتایبەت لە كڕینی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەكانی فەرمانگەكەیان. 

مەرزی پەروێزخان یەكێكە لەو مەرزانەی نێوان هەرێم و ئێران كە ساڵانە زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیادا دەكرێت لەسەر ئاستی تەواوی مەرزەكانی تر، بەپێی ئامارە فەرمیەكانیش ساڵی پێشوو داهاتی مەرزەكە 61ملیار دیناربووە .

 
 
 
س/دواڕۆژ