بارودۆخی ئابووری عیراق لەوپەڕی خراپیدایە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات: عیراق 81 ملیار دۆلار قەرزدارە‌و مانگانەش دوو ملیار دۆلار قەرز دەكات. 
ئەحمەدی حاجی ڕەشید لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاند: بارودۆخی ئابووری عیراق لەوپەڕی خراپیدایە، ئێستا عێراق مانگانە دوو ملیار دۆلار قەرز دەكات بۆ دابینكردنی خەرجیەكانی، زۆرینەی ئەو قەرزەش لە یەدەگی یاسایی وەری دەگرێت، ئەمەش وایكردووە یەدەگی نەختینەیی بانكی ناوەندی بۆ 50 ملیار دۆلار كەمببێتەوە. 
وتیشی: لەدوای ساڵی 2003وە بڕی 312 ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی عیراق، كە ئێمە بەلانیكەم گومانمان لە 100 ملیار دۆلاری هەیە، گەڕاندنەوەی ئەو پارانەش كارێكی ئاسان نییە، چونكە هەندێك لەو وڵاتانەی پارەكەی بۆ رۆیشتووە نایگێڕێتەوە‌و بە سەرچاوەی داهاتی خۆی دەزانێت، هەندێكی دیكەش هێندە بە لێزانی بردوویانەتە دەرەوە بە ئاسانی ناتوانرێت بهێنرێتەوە. سەبارەت بە بوودجەی ساڵی داهاتووی عیراقیش ئەحمەدی حاجی ڕەشید رایگەیاند: بارودۆخی دارایی ساڵی 2017 باشتر نابێت لەساڵی 2016، رەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كەمێك دۆخەكە باشتر بێت، بەڵام ئەوەش تەنها بۆ دابینكردنی مووچە دەبێت‌و هیچ وەبەرهێنانێك ناكرێت.