مانگرتنی کرێکارانی کوێت قەرەبووی شکستەکەی دەوحەی کردەوە

دوای شكستهێنانی كۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، نرخی نەوت 7% دابەزی، بەڵام مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە كوێت، تا رادەیەک قەرەبووی ئەو پاشەکشەیەی کردەوە و نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە.



بەهۆی بایکۆتکردنی کرێکارانی کەرتی نەوت و گازی کوێت لە کارەکانیان، زیاتر لە 60% ی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە پەکی کەوت، ئەمەش پاڵپشتێکی باش بوو بۆ بازاڕی نەوت و توانی بە رێژەیەکی بەرچاو قەرەبووی شکستەکەی کۆبوونەوەکەی دەوحە بکاتەوە.



لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان لە رۆژی دووشەممە 18-4-2016 دا، نرخی نەوت 7% ی بەهاکەی لەدەستدا و گەیشتەوە ئاستەکانی 40 دۆلار، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی بایکۆتی کرێکارانی نەوت لە دوا مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا نرخی نەوت گەیشتەوە ئاستی 43 دۆلار، نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 19-4-2016  نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 43 دۆلار و 24 سەنت.



رۆژی یەكشەممەی رابردوو، 16 وڵاتی بەرهەمێنەری نەوت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەرێك بۆ نرخی كەمی نەوت لە دەوحە  كۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە، كۆتاییهات، ئەمەش نرخی نەوتی دابەزانج. ئامانجی كۆبوونەوەكە رێككەوتن بوو لەسەر سڕكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، ماوەی كارپێكردنی رێككەوتنەش هەتا مانگی تشرینی یەكەمی 2016 بوو.