تاوەرێکی بەرزتر لە بورجى خەلیفە درووستدەکرێت

ئەو کۆمپانیایەی بەرزترین تاوەری لە جیهاندا درووستکرد، رایدەگەیەنێت تاوەرێکی بەرزتر لەو تاوەرە لە دوبەی بونیات دەنێت، تاوەرێک کە دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی جیهانی، بڕیاریشە لەگەڵ میوانداری دوبەی لە پیشانگای ئێکسبۆی جیهانی لە ساڵی 2020 بکرێتەوە.



دوبەی دووبارە هەوڵی بڕینی هەورەکان دەدات، کاتێک ئەو کۆمپانیایەی بەرزترین تاوەری لە جیهاندا درووستکرد، رایگەیاند تاوەرێکی بەرزتر لە تاوەری خەلیفە لەو شارە درووستدەکات. 



کۆمپانیای “ئیعمار ئەلعەقاریە” رایگەیاند تاوەرە نوێکە بە باڵکۆنی بازنەیی دەڕازێندرێتەوە و لە خەیاڵیاندایە هاوشێوەی باخچە هەڵاواسراوەکانی بابل درووستیبکەن.



محەممەد ئەلعەبار، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای “ئیعمار ئەلعەقاریە” گوتی “بەهۆی باڵاخانەی جوانەوە نرخی شارەکەمان زیاتر دەکەین، ئەو کاتە ئەو راستیەمان بۆ دەرکەوت کاتێک تاوەری خەلیفەمان درووستکرد، وە بیرکرنەوەمان لە درووستکردنی تاوەرێکی لەو بەرزتر، وایدەبینم کە ئاستی وڵات و شارەکەمان لە جیهاندا بەرزتر بکەینەوە”.



کۆمپانیای ئیعمار، کە بارەگاکەی لە دوبەیە، هیواخوازە تاوەرەکە ببێتە هۆکارێک بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر.



جیا لە تاوەری خەلیفە، تاوەرە نوێکە هەوربڕێکی ئاسایی نابێت، بەڵکو چەندین تایبەتمەندی جیای دەبێت وەکو باخچە هەڵواسراوەکانی، كە هاوشێوەی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل دەبن، هەروەها هۆتێلێکی بچووک و چەند خواردنگەیەکی بچووکی تێدا دەبێت، جگە لەمانەش بە باڵکۆنی بازنەیی دەورە دراوە.



ئەو ناوچەیەی تاوەرەکەی لێ درووستدەکرێت، نزیکە لە هۆتێلی ” ژ ئەدرێس داون تاون” کە هۆتێلێکی دەگمەنە و لە 63 نهۆم پێکهاتووە و کۆمپانیای ئیعمار درووستیکردووە، بەڵام لەکاتی ئاهەنگەکانی سەریساڵدا چەند نهۆمێکی سووتان.



تاوەرە نوێکە، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری تێدەچێت و دەبێتە ناوەندی پەرەپێدانی بونیاتنان لە شارەکە و بڕیارە لە ساڵی 2020 لەگەڵ میوانداری دووبەی بۆ پیشانگای ئیکسبۆی جیهانی، ئاهەنگی کردنەوەی تاوەرەکە بەڕێوەبچێت.