نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی لێکۆڵینەوە لە پارە براوەکانی عێراق بۆ دەرەوە دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداریی لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی پارە براوەکانی دەرەوەی عێراق دەکات و بەم نزیکانە دەستبەکار دەبن.
لەو چوارچێوەیەدا، حەسەن یاسری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لەگەڵ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و تێیدا گفتوگۆکرا لەسەر چۆنییەتی سوود وەرگرتن لە لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی لە هەندێک دۆسیەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی دەستەی دەستپاکی، کە رەهەندێکی نێودەوڵەتی-یان هەیە و پەیوەستە بە گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان و گەڕاندنەوەی پارە براوەکانی دەرەوەی وڵات.
بەپێی راگەیێندراوی دەستەی دەستپاکی، شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر ئەو کارە و بەم نزیکانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی لە عێراقەوە بردراونەتە دەرەوە، لیژنەیەکی پێکهێناوە و لیژنەکەش لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.