دوو هەفتەیە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لەهەڵكشاندایە

بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازاڕ و نرخیش دروستکردووە، بەجۆرێک نرخەکان بەرزبوونەتەوە و کڕیاریش کەمبووەتەوە، بازرگانان و فرۆشیارانیش، زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە.
بازرگانەكان دەڵێن، ئەوان کاتێک کاڵایەک هاوردەی باشووری کوردستان دەكەن، بەدۆلار دەیکڕین، لە باشووری كوردستانیش بە پارەی عێراقی دەیفرۆشنەوە، بۆیە لەو نێوەندا یان دەبێت نرخەكەی بەرز بكەنەوە، یان زیان دەكەن.
بازرگانێك دەڵێت “کاتێک کاڵایەک دەهێنین ئەگەر بە 10 هەزار بیفرۆشین، کە دۆلار دادەبەزێت ناچارین بیکەتین بە 12 هەزار دینار، کەواتە کاریگەری زۆری هەیە. ئێمە ناچارین کاڵاکانمان بەرزتر بفرۆشین هاونیشتمانیان و ئێمەش زەرەرمەند دەبین”.
سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی هاوردەی بازاڕەکانی باشووری کوردستان دەکرێن، بەدۆلار دەکڕدرێن، هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، کاریگەری لەسەر نرخەکان دروستدەکات.
بەگوتەی شارەزایانی ئابووریی، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دوو هۆکاری هەیە؛ یەكەمیان لاوازی ئابووریی عێراقە، چونکە تەنها پشت بە یەک کەرت دەبەستێت ئەویش هەناردەکردنی نەوتە. ئێستاش نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزیووە، ئەوە بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی عێراق لە دۆلاری ئەمریکی، کە وایکردووە دیناری عێراقی بێهێز بێت. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە “کۆمەڵێک كەس كە دەستیان دەڕوات لەنێو بانکی ناوەندی عێراق، یاری بە نرخی دینار دەکەن.”
دوای بریارەکەی بانکی ناوەندی عێراق لەسەر کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزیووە، بەردەوامی دابەزینی دیناریش، کاریگەری  زیاتر لەسەر بازاڕەکان و نرخەکان دروست دەکات.