ئێران ئابووریی “خۆڕاگرانە” جێبەجێ دەكات

وەزیری ناوخۆی ئێران بڕیارێکی بۆ پارێزگارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکردووە، کە دەبێت بەپێی پلان و بەرنامە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئابووریی خۆڕاگرانە بدەن. 
بەپێی ئەو بڕیارنامەیە، دەبێت گرووپێکی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ پلان و ئامانجەکانی ئابووریی خۆڕاگرانە پێکبهێندرێت. هەروەها دەبێت لیژنەکانی ئابووریی خۆڕاگرانە چالاک بکەن. 
ئامانجی ئابووریی خۆڕاگرانە ئەوەیە، ئێران لەڕووی ئابوورییەوە پشت بەخۆی ببەستێت و لەبری هاوردەكردن، شتومەك هەناردە بكات.
رێبەری ئێران ئەمساڵی وەک ساڵی ئابووریی خۆڕاگرانە ناوزەد کردووە، بەڵام ئەمە تەنیا دروشم نیە، بەڵکو لە کردەوەشدا هەوڵی جیدی بۆ بەدیهاتنی دەدرێت. 
مەبەست لە ئابووری خۆڕاگرانە ئەوەیە کە ئێران لەڕووی ئابوورییەوە بەستراوە بە وڵاتانی دیکە نەبێت. پیشەسازی ببوژێتەوە، کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت و تەنانەت لەجێی هاوردەکردن، کاڵا و شتومەک هەناردە بکرێت. 
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لیژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە. ئەم لیژنەیە سێ رۆژ پێش بە بەشداریی جێگری سەرۆککۆمار و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرەکان کۆبووەوە تاوەكو چوارچێوە گشتییەکان بۆ وەدیهاتنی ئامانجی رێبەرری ئێران دیاری بکەن.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، لە پەیامی نەورۆزیدا رایگەیاند، بە ئابووریی خۆڕاگرانەوە دەکرێ بەرەوڕووی بێکاریی و داتەپینی ئابووری ببنەوە.
ئامانجێکی دیکەی حکومەتی حەسەن روحانی لەچوارچێوەی ئابووریی بەرگریکارانەدا، هەناردە کردنی شتومەکی غەیرە نەوتی دەبێت. جێگری سەرۆک کۆمار ئێران دەڵێت: ئەگەر لێبڕاوانە هەوڵ بدەین، ئەمساڵ دەتوانین بەشێکی زۆری کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەین.