نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە رێژەی زیاتر لە سەدا 4 پاشەکشەی کرد و نزیکەی 2 دۆلار لە بەهاکەی دابەزی لەدوا مامەڵەکانی هەفتەی رابردووەوە. 



دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت محەممەد سەلمان، شازادەی سعودیە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رۆژی 1-4-2016 رایگەیاند، وڵاتەکەی “ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی سڕ ناکات ئەگەر ئێران و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت بەرهەمهێنانی خۆیان سڕنەکەن”.



لە هەمان کاتدا چەند داتایەکی دیکە بڵاوکراونەتەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، رێژەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە. 



سەرەڕای ئەو دوو هۆکارەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهان هۆکاریکی دیکەی دابەزینە گەورەکەی نرخی نەوت بووە لە کۆتا مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو. 



لە دوا مامەڵەکانیدا هەر بەرمیلێك لە نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ئاستی 38 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەهای هەر بەرمیلێك لە نەوتی خاوی تێکساس لە ئاستی 36 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.