ئەمریکا بەدوری نازانێ سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدووری نازانێ سزای نوێ بەسەر حکومەتی ئێراندا، بسەپێندرێت.

لەمبارەیەوە جۆش ئیرنست وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: بەدووری نازانن سزای نوێ بەسەر حکومەتی ئێران لەبەرامبەر تاقیکردنەوەی مووشەکی جۆری بالیستیدا، بسەپێندرێت، وتیشی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، لەبەرامبەر پێشلکارییەکانی تاران، بێدەنگ نابێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوەشکرد: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ھەمانگی لەگەڵ چەند وڵاتێکی تر، کار بۆ ئامادەکردنی رەشنوسێکی نوێ دەکات، بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر حکومەتی ئێراندا.

پێشتریش، سامانسا پاوەر باڵیۆزی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندبوو: تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێران ناچارمان دەکات لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی تری جیھان، کار بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئامانجە سەربازییەکانی تاران لەبواری دروستکردنی مووشەک، بکەین.