دوای 4 ساڵ نەوتی ئێران گەیشتە كەناراوەكانی ئەوروپا

ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند: كە لەڕێگەی نەوتهەڵگری Monte Toledoەوە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران گەیشتە ئەوروپا.
نەوت هەڵگرەكە نەوتی ئێرانی پێبووە، لە مینای ئەلخیسیراس لەنگەری گرتووە لە ئیسپانیا، كە ئەوە دوای 4 ساڵە یەكەم جارە نەوتی ئێران دەڕواتە بازاڕەكانی ئەوروپا.
دوای ئەوەی لەساڵی 2012 برۆكسل رەتیكردەوە نەوت لەئێران بكڕێت، بەهۆی ئابڵوقە ئابوورییەكانی سەر تارانەوە، ئەمڕۆ یەكەم كەشتی نەوتیی ئێران گەیشتەوە ئەوروپا.
وڵاتانی ئەوروپا لە ناوەڕاستی مانگی یەنایەری رابردوودا ئابڵوقەی ئابوورییان لەسەر ئێران لابرد.
كەشتییەكە 17 رۆژی پێچووە تا گەیشتۆتە ئیسپانیا و لەگەڵ لەنگەرگرتنیشی، لەلایەن كۆمپانیای “Cia” نەوتەكەی خاڵیدەكرێتەوە.
حكومەتی ئێران بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ لەمەودوا بۆ 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بكاتەوە، لەكاتێكدا جاران دەیتوانی تەنها 2.8 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرهەم بهێنێت.