ئێران لەگەڵ ئازەربایجان دەستی بە ئاڵوگۆڕی نەوت کرد

کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران لە پلانی ئەمساڵیدا ئاڵوگۆڕی نەوتی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان جێگیرکردووە، بەپێی رێککەوتنی نێوانیشیان بڕیاردراوە ئێران نەوتی ئازەربایجان وەردەگرێت و لە کەنداو رادەستی ئازەربایجانی بکاتەوە بە مەبەستی هەناردەکاری، ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستانیش رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام هێشتا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.



روکنەدین جەوادی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ئاڵوگۆڕکردنی نەوت لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان لە پلانی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران لەمساڵدا جێگیرکراوە.



جەوادی رایگەیاند “بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئازەربایجان بەو دوایانە واژۆکراوە، بڕیاردراوە نەوتی ئازەربایجان بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران و لەبەرامبەردا ئێران نەوتی خاو لە کەنداوە بداتەوە ئەو وڵاتە، بەمەبەستی هەناردەکردنی”. 



ئیلهام عەلییەف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان لەدوایین سەردانیدا بۆ ئێران 11 رێککەوتنامەی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژووکردووە، کە بەزۆری لەسەر هاوکارییەکانی ئەو دوو وڵاتەیە لەسەر وزە.



ئاڵۆگۆڕپێکردنی نەوتی خاو کە بە “سواپی نەوت” ناسراوە، زۆر جار بۆ بەرزکردنەوی توانایی هەناردەکاریی وڵاتان پەیڕەو دەکرێت.



پێشتر بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر سواپی نەوت، بەجۆرێك هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی ئێران بکات بۆ پاڵاوگەکانی کرماشان و تەورێز و لە جیاتی، بڕە نەوتەکەی خۆی لە کەنداوە وەربگرێتەوە و هەناردەی بکات.



ئەگەر ئەو رێککەوتنامەیەی ئێران و هەرێمی کوردستان بڕواتە واری جێبەجێکردنەوە، بە رووداوێکی گرنگ لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، لەبەرئەوەی رێرەوێکی دیکە، جگە لە تورکیا و دەریای ناوەڕاست، بەرووی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.



کەنداو یەکێکە لە گرنگترین رێرەوە نەوتییەکانی جیهان و رۆژانە 18 کەشتی گەورەی نەوتی لەڕێگەی کەنداوەوە نەوتی خاو بۆ سەرانسەری جیهان دەگوازنەوە.



دەستگەیشتنی هەرێمی کوردستان بە رێرەوی گرنگی کەنداو، دەتوانێت بازاڕی نەوتی ئاسیا بەڕووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.



جگە لەوەش ئەو رێرەوە دەبێتە جێگرەوەیەکیش کە ئەگەر هاتوو بۆری نەوتی کوردستان -جەیهان بۆ ماوەیەکی درێژ لەکار کەوت، هەناردەکاریی نەوتی هەرێمی کوردستان رانەوەستێت و لە کەنداوەوە بەردەوام بێت.