توركیا لە نەورۆزدا كونسوڵخانە لە سلێمانی دەكاتەوە

 
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە دیپلۆماتکارانی تورکیا دەکەن هەرچی زووە کونسوڵخانە لە شاری سلێمانی بکەنەوە، هەروەها پێشنیازیان بۆ کردوون کونسوڵخانەکە لە نەورۆزی ئەمساڵدا بکەنەوە.
ساڵی رابردوو شاندێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانییان کرد و لەلایەن بەرپرسانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە پێشنیازیان بۆ کرا کە کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە شاری سلێمانیش بکەنەوە، ئەوانیش دوای تاوتوێکردن، پێشنیازەکەیان پەسەند کردووە.
حکومەتی تورکیا چەند ساڵێکە کونسوڵخانەی لە شاری هەولێر و بەسرە هەیە، هەروەها لە مووسڵ تاوەکو بەر لە هاتنی داعش کونسوڵخانەی هەبوو، دەمێکیشە بەنیازە لە شاری سلێمانی کونسوڵخانە بکاتەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە لە سەردانی هەفتەی پێشووی وەفدی کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کونسوڵی راسپێردراوی تورکیایان لە شاری سلێمانی پێ ناساندوون و بڕیاریان داوە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا کونسوڵخانەکەیان لە شاری سلێمانیش بکەنەوە. هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی “ئێمە پێشتر داوامان لێکردن کونسوڵخانە بکەنەوە، لەبەرئەوەی هاووڵاتیانی سلێمانی بەهۆی هاتوچۆی مامەڵەکانیان بۆ شاری هەولێر کات و تێچوویەکی زۆریان خەرج دەکرد، جگە لەوەش سلێمانی شارێکی گەورەیە و لە حاڵەتی کردنەوەی کونسوڵخانەکەدا کۆمپانیای تورکی زیاتر دێنە سلێمانی”.
وەفدەکەی کونسوڵخانەی گشتیی تورکیا پێیانڕاگەیاندوون کە بەهۆی هەندێک هۆکارەوە نەیانتوانیوە لەو کاتەی داوایان لێکراوە کونسوڵخانەکەیان بکەنەوە و وتی “ئەوان وتیان لە وەرزی بەهاردا کونسوڵخانەکە دەکەینەوە، منیش پێشنیازم بۆ کردن لە جەژنی نەورۆزدا بیکەنەوە لەبەر چەند هۆکارێک، یەکێکیان لەبەر ئەو بارودۆخەی لە باکووری کوردستان هەیە و بەڵکو بە کردنەوەی کونسوڵخانەکە لەو جەژنەدا کە جەژنێکی نەتەوەیی کوردە، پەیوەندیییەکانیش پتەوتر بکرێن”.
سەبارەت بە وەڵامی وەفدەکەی تورکیا، د.هەڤاڵ وتی “بەرپرسانی کونسوڵخانەی تورکیا پێشنیازی کاتی کردنەوەکەیان پێ باشە و بەڵێنیان داوە لە جەژنی نەورۆزدا بیکەنەوە”.