ئێران ئامادەیە لەسەر نرخی نەوت لەگەڵ سعودیە کۆببێتەوە

 

وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، پشتگیری لە هەر جۆرە گفتوگۆیەک دەکەن کە لەسەر نرخی نەوت بکرێت.

بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ”ئێران پشتگیری لە هەر جۆرە دانوستاندن و گفتوگۆیەک دەکات لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کە سەبارەت بە نرخی نەوت ئەنجامبدرێت’’.

زەنگەنە ئامادەیی ئێرانیشی نیشاندا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سعودیە بۆ دیاریکردنی سنوورێک بۆ دابەزینی نرخی نەوت و گوتی’’وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پێویستیان بە هاوکاریکردنی یەکدی هەیە و ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرجەمیان گفتوگۆ بکەین و لە نێویشیاندا سعودیە”.

رۆژی سێشەممە 9-2-2016 ئیلۆ گیۆ دێل بێنۆ، وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا، لەگەڵ عەلی نعێمی، هاوتا سعودییەکەی کۆبووەوە. سەردانەكەش لە چوارچێوەی هەوڵی ڤەنزوێلا دێت بۆ رازیکردنی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و هەروەها وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێکخراوە بە سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە بازاڕەکانی جیهان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.