هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق راگیراوە

رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردوەتەوە، لە هاوینی ئەمساڵەوە یارمەتییە داراییەكانی بانكی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ بانكی ناوەندیی عێراق، راگیراون‌.

بەپێی هەمان سەرچاوە؛ لەساڵی (2004)ەوە بانكی ناوەندیی عێراق بە یارمەتی ئەمەریكا، دامەزرێنراوەتەوە و لەو كاتەشەوە دۆلار بوەتە دراوێكی سەرەكی عێراق و بەتەنیا لە ساڵی (2014)شدا، بڕی (13) ملیار و (66) ملیۆن دۆلار لە بانكی یەدەگی فیدراڵییەوە رەوانەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە بۆ ئەوەی رۆژانە لەپێناو ڕاگرتنی بەهای دیناری عێراقیدا دابەش بكرێت.

هاوكات، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردوە، بەشێك لە كۆمپانیا و بانكە عێراقییەكان كە ئەركی پارە گۆڕینەوەیان لەئەستۆ گرتوە، پەیوەندییان بەداعشەوە هەیە و ئاماژەش بە بانكێكی باكوری شاری كەركوك كراوە كە بە بانكێكی چالاك دادەنرێت و لەو رێگەیەشەوە ئەگەری بردنی دۆلار بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش ئەگەرێكی زۆرە.

سەبارەت بە هۆكاری راگرتنی ئەو هاوكارییانەش رۆژنامەكە ئاشكرایكردوە بڕیاری ڕاگرتنەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا ترسی هەیە لەوەی ئەو پارەیە بگاتە بانكەكانی ئێران یاخود بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش.