سعودیە و ڤەنزوێلا هەوڵی جێگیركردنی نرخی نەوت دەدەن

وەزیرانی نەوتی سعودیە و ڤەنزوێلا دەیانەوێت نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان جێگیر بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەنیازن ئەو پرسە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام و نائەندام لە رێكخراوی ئۆپێك تاوتوێ بكەن، لە كاتێكدا ئێستا نرخی نەوت بەردەوام لە بازاڕەكانی جیهان لەدابەزیندایە.

بەمەبەستی تاوتوێكردنی جێگیر كردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، عەلی نەعیمی، وەزیر نەوتی سعودیە لەگەڵ ئیلێگیۆ دێل پینۆ، هاوتا ڤەنزوێلییەكەی لە ریازی پایتەختی سعودیە كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش رایگەیاند “كۆبوونەوەكەمان سەركەوتوو بووە”.

عەلی نەعیمی گوتیشی “لە كۆبوونەوەكەماندا باسمان لە چۆنییەتی جێگیركردنی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا سەبارەت بە پرسی جێگیكردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان كە پێشتر لەگەڵ چەند وڵاتێكی دیكەی ئەنجامدابوو، كرد”.

سعودیە و ڤەنزوێلا دوو لە هەرە گەورەترین وڵاتانی بەرهێمهێنەری نەوتی خاون لە جیهاندا و %40 نەوتی خاو لە لایەن ئەو دوو وڵاتە هەناردەی بازارەكانی جیهان دەكرێت.