حکومەتی عێراق بەچەند ھەنگاوێک روبەرووی قەیرانی دارایی دەبێتەوە

حکومەتی عێراق چەند بژاردەیەکی لە بەردەستدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داشکانی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان و تاوتوێی چەند پێنشیارێک دەکات بۆ فرۆشتنی خانوبەرەی دەوڵەت و پشت بەستن بەیەدەگی دارایی بانکی ناوەندی.
لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٦ی عێراقدا کە لە ناوەراستی مانگی کانونی یەکەمی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرا خەرجییەکان بەبڕی ١٠٥ تریلیۆن دینار خەملێندراوەو پێشبینی کرابوو ئاستی کورتھێنان بگاتە ٢٤ تریلیۆن دینار، بەڵام بەھۆی داشکانی نرخی نەوتی خاو بۆ خوار ٣٠ دۆلار، پێشبینی دەکرێت ئاستی کورتھێنان بگاتە سەرووی ٥٠ تریلیۆن دینار، چونکە لەیاسای بودجەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٥ دۆلار دیاریکرابوو.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەنیازە میوانداری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بکات بۆ تاوتوێکردنی بەکارھێنانی ٣٩ تریلیۆن دینار لەیەدەگی دارایی بانکەکان و بازارەکان بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە.
لەوبارەیەوە نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بەھۆی داشکانی نرخی نەوت داھاتی وڵات زۆر کەمی کردووەو بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو ساڵی دارایی ٢٠١٦ زۆر قورس دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ناوەراستی ئەم ساڵەوە نرخی نەوت بۆ ٤٠ دۆلار بەرزببیتەوەو تا کۆتایی ساڵ بگاتە ٦٠ دۆلار.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگای دەرککردنی سەنەداتی ناوخۆ بەرێژەیەکی قازانجی دیاریکراو ، بانکی ناوەندی دەتوانێت سوود لەو ٣٩ تریلیۆن دۆلارە وەربگرێت کە لەلای بانکەکانن و لە بازارەکاندا کاریان پێدەکرێت و جەختیشی کردەوە لەسەر تواناکانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ساڵی ٢٠١٦دا.
جەباری عەبادی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دان دەنێت بەوەی کە ساڵی ٢٠١٦ سالێکی زۆر قورس دەبێت لەسەر دەوڵەت و ھاوڵاتیان و بەڵام پێشبینی دەکات نرخی نەوتی لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ گەشە بکاتەوە.
 
ز.ر